کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە: پێش بە ماشینی کوشتاری ڕێژیم بگرن

20:51 - 21 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، لە ڕاگەیندراوێکی هاوبەشدا, داوایان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد، بە هانای خەڵکی ئێرانەوە بچن و پێش بە ماشینی کوشتار و داپڵۆسێنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا بگرن.

دەقی ڕاگەیندراوەکە:

پێش بە ماشینی کوشتاری ڕێژیم بگرن

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

نەتەوە مافخوازەکانی ئێران

خەڵکی ئازادیخواز

کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەیییەکان

هەروا کە بینیمان لە میانەی چەند ڕۆژ خۆپێشاندانی ئێعترازیی جەماوەری و سەرتاسەرییەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و هاواری مافخوازیی نەتەوەکان لە ئێراندا، کۆماری ئیسلامی ئەم جارەش بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە جگە لە سەرکوت و داپڵۆساندن، هیچ وڵامێکی دیکەی بۆ داخوازی ڕەوا و مەدەنییانەی خەڵکانی ناڕازی نەبوو.

لەم ماوەیەدا بەپێی ئامارە فەرمی و نافەرمییەکان، بە هەزاران کەس لە لایەن دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و سەدان کەس بریندار و دەیان کەسیش لە سەر ناڕەزایەتی دەربڕین لە شەقامەکان، بە دەستی هێزەکانی ڕێژیم کوژراون.

لە ڕەوتی دەسبەسەرکردنی ناڕازییان، بەوپەڕی توندوتیژییەوە هەموو مافە ئینسانی و یاسایییەکانی دەسبەسەرکراوان پێشێل کراون. کۆماری ئیسلامی ئەم جارەش تەنیا به ئەشکەنجە و سەرکوت و داپڵۆسین وڵامی داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی دایەوە. لەم ڕۆژانەشدا، خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم ڕایگەیاند کە ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکاندا بەشدار بوون مۆرەی دوژمنن و وێڕای بە وەحشی ناوی بردنیان، فەرمانی سەرکوتی توندوتیژتری دەرکرد و بۆیەش مەترسیی گیانی دەسبەسەرکراوان و خەڵکی ناڕازی و زیندانییانی سیاسی زۆرتر بووەتەوە.

بەپێی هەواڵەکان چەند کەس لە دەسبەسەرکراوان لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراون و بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە نیازی ڕێخستنی شەپۆلێکی دیکەی ئێعدامی زیندانییانی سیاسییە.

ویژدانە ئازادیخوازەکانی جیهان!

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، سەرچاوەی تیرۆریزمی نێودەوڵەتییە و خەڵکی ڕاپەڕیو وئازادیخوازی ئێران پێویستیان بە پشتیوانیی هەموو جیهانە تا بە دەستی بەتاڵ بەڕەوڕووی ئەم ڕێژیمە نەبنەوە. ئەم ڕێژیمە لە ڕابردووشدا نیشانی داوە و ئیستەش هەمان ڕەوت درێژە دەدات و تۆڵەی هەموو شکستە سیاسی و پووچەڵ بوونەوەی پیلان و ئاژاوەگێڕییەکانی لە خەڵکی بێدەسەڵاتی وڵاتەکەی خۆی دەستێنێتەوە و بۆ ئەمەش لە زیندانییەکانەوە دەست پێ دەکات. بۆیە پێویسته هەرچی زووتر کۆمەڵگای جیهانی هەڵوێستی هەبێ و پێش بە ماشینی کوشتار و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی بگرێت.

هەر لەو پێوەندییەدا، وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیمی تاران، هەڕەشەی لە حیزبەکانی کوردستان کردووە و ڕایگەیاند کە گورزی قورسیان لێ دەوەشێنن. ئێمە نیگەرانی کردەوە و پیلانە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامین، بەتایبەت بەرامبەر به ژن و منداڵی کوردانی ئێران کە لە کوردستانی عێراق نیشتەجێن. جێی وەبیرهێنانەوەیه پێشتریش بە دەیان کەس ئەندام و ڕێبەرانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە تێرۆر کراون و هەمیشە کردەوەی تیرۆریستی و تەقینەوە بە دژی ژن و منداڵی کوردەکانی ئێران لە کوردستانی عێراق ئەنجام دراوە.

خاوەن هەڵوێست بوونی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و کۆڕ و کۆمەڵ و ڕێکخراوە مافی مرۆیییەکان و وشیاری ڕای گشتی جیهانی و میدیاکان بۆ بە هاناوە چوونی خەڵکی بێدەسەڵات و ناڕازی ئێران دەتوانێت یارمەتیدەرێکی بەهێز بێت بۆ وەستانی ماشینی کوشتار و داپڵۆسینی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢١ی بەفرانباری ١٣٩٦
١١ی ژانویەی ٢٠١٨