کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی شەهیدێکی کوردستان کۆچی دوایی کرد

14:41 - 22 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: کاک تەیموور جەهانگیری (جانقۆ) باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە شاری ورمێ ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاک تەیموور جەهانگیری (جانقۆ) باوکی شەهید ئەیووب جەهانگیری پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندی کوورەی خوارووی ناوچەی ئەنزەل سەر بە شاری ورمێ، کۆچی دوایی کرد.

کاک تەیموور یەکێک لە دڵسۆزان و هاوکارانی بەردەوامی کادر و پێشمەرگەکان و کەسێکی ئەمین لای تەشکیلاتی حیزب بوو. ناوبراو هەم لە لای خەڵک بە کەسێکی حیزبی و نیشتیمانپەروەر دەناسرا، هەم لای هاوڕێیانی حیزبی دڵسۆز و هاوکارێکی جێی متمانە بوو.

کاک تەیموو بە هۆی هاوکاری حیزبی دێموکرات لە لایەن ڕێژیمەوە بەردەوام ئازار و ئەزیەتی دەدرا، بەڵام ناوبراو بە تین و گوڕێکی زیاتر لە پێشوو هاوکار و خەمخۆری حیزب بوو.

شەهید ئەیووب جیهانگیری کوڕی تەیموور کە ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی، خزمەتی ئیجباریی سەربازی لە پایگای گوندەکەیان دەکرد، پەیوەندیی بە تەشکیلاتی حیزبەوە گرت و هەر پاییزی هەمانساڵ بە هاوکاریی شەهید ئەیووب پێشمەرگەکانی هێزی ئاگریی مەڵبەندی شومال، توانیان دەست بە سەر پایگاکەدا بگرن.

شەهید ئەیووب لەوکاتییەوە بوو بە پێشمەرگە تا ڕۆژی ٢١ی پووشپەڕی ١٣٧٠ی هەتاوی لە شەڕێکی نابەرابەردا بە برینداری کەوتە دەست دوژمن و دوای بە دیلگیرانی لە لایەن جەلادەکانی ڕێژیمەوە هێندە ئازار و ئەشکەنجە درابوو تەنانەت بینایی لە دەست دابوو و لە نیهایەتدا ئیعدام کرا و تا ئێستاش گڵکۆی بێ سەروشوێنە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.