کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مووشەکی بالستیکی حوسییەکان، لە ئاسمانی نەجران تەقێندرایەوە

14:46 - 22 بەفرانبار 2717

کووردستان میدیا: حووسییەکانی یەمەن سەر بە ڕێژیمی ئێران، مووشەکێکیان بەرەو سعوودیە هاویشت کە لە ئاسمانی نەجراندا تەقێندرایەوە.

پەدافەندی هەوایی سعوودیە ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، مووشەکێکیان لەسەر ئاسمانی نەجران لە نێو برد، کە لە لایەن حوسییەکانەوە بەرەو وڵاتی عەرەبستانی سعوودی هاوێژرابوو.

پێشتریش میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، هەینی ڕابردوو وێنەی تەقێندراوەی مووشەکێکیان کە بەسەر ماشینێکدا کەوتبوو، بڵاو کردبووە.

وتەبیژی فەرمی هاوپەیمانیەتی عەرەبی لە یەمەن، سەرهەنگ تورکی ئەلمالکی، لەو بارەوە وتوویە: هێزەکانی پەدافەندی هەوایی گوردانی پاتریۆت، کاتژمێر ٧:٥٦ خۆلەکی سەر لە بەیانی هەینی پێشوو، مووشەکێکیان بینیەوە کە لە لایەن حووسییەکان بەرەو نەجران هاویژرابوو و توانیان لە نێوی بەرن.

ناوبراو باسی لەوەش کردووە: ئەو مووشەکە ناوچەیەکی قەرەباڵغی لە نەجران کردبووە ئامانج، بەڵام بێش گەیشتن بە ئامانج توانرا لە لایەن پەدافەندی هەواییەوە لە ئاسمانی نەجران لە نێو ببردریت.

بە وتەی بەرپرسانی ئامریکا و هەروەها وتەبێژی هاوپەیمانیەتی عەرەبی، مووشەکە بالستیکەکان درۆستکراوی ڕێژیمی ئێرانن و لە لایەن سپای پاسدارانی ئێرانەوە بە حووسییەکان دەدرێن تا عەرەبستانی سعوودییان پێ بکەنە ئامانج.