کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ بۆ \"دواجار\" تەحریمەکانی ئێرانی هەڵپەسارد

14:37 - 23 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ دواجار، بڕیاری هەڵپەساردنی تەحریمە ناوکییەکان، لەدژی تارانی درێژ کردەوە.

دانڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٢ی ژانویە وەک دواهەڵوێستی فەرمی خۆی لەسەر ڕێککەوتنی بەرجام جارێکی دیکە ئەم ڕێککەوتننامەی بە خراپترین وەسف کرد و ڕایگەیاند: ئەگەر تاکوو ١٢٠ ڕۆژی دیکە ئەم ڕێککەوتنە ئیسڵاح نەکرێت، یەکلایەنە لێی دەکشێتەوە.

ناوبراو وتوویەتی: ئەمە دواجارە کە بڕیاری هەڵپەساردنی بەرجام درێژ دەکاتەوە مەگەر ئەوەیکە کۆنگرە و هاوپەیمانە ئۆرووپاییەکانی ئامریکا بەرجام ئیسڵاح یان بەهێز بکەن.

ناوبراو لە ڕاگەیەندراوێکدا وتوویەتی: ڕێژیمی ئێران گەورەترین پشتیوانی تێرۆرە؛ ئەم ڕێژیمە حیزبوڵای لوبنان، حەماس و تێرۆریستەکانی دیکەی جیهان و ناوچە داڵدە دەدات و هانیان دەدات تاکوو خەڵکی بێتاوان بکوژن و بشێوی ساز بکەن؛ ئەم ڕێژیمە لەباری ماڵی و لۆژستیکییەوە زیاتر لە ١٠٠ هەزار تێرۆریستی ڕاهێناوە تاکوو پەرە بە ماڵوێرانی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین بدات.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاگەیەندراوەدا ترامپ وتوویەتی: سەرەڕای مەیل و ویستی زۆرم بۆ چوونەدەر لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، هێشتا ماومەتەوە بەڵام بە مەرجێک: یان کەموکوڕییەکانی بەرجام بسڕنەوە یان ئامریکا لە بەرجام دێتە دەرەوە.

ڕوو لە کۆنگرەی ئامریکاش وتوویەتی: من پەسندکراوەکانتان سەبارەت بە بەرجام، بە ٤ مەرج واژۆ دەکەم؛ یەکەم، پەسندکراوەکە دەبێ داوا لە ئێران بکات بە زووترین کات ئیزن بە لێکۆڵەرە نێونەتەوەییەکان بدات تەواوی ئەو سایتانەی کە دەیانهەوێ، بیپشکنن؛ دووهەم، دەبێ گەرەنتی ئەوە بدات بە دەستەوە کە ئێران هیچ کاتێک نابێتە خاوەنی چەکی ناوکی؛ سێهەم، بەپێچەوانەی بەرجام، ئەم خاڵانە نابێ ڕێکەوتی ماوەبەسەرچوونیان هەبێ.

سیاسەتی من ڕوونە نابێ ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکی بۆ هەمیشە؛ چوارەم، دەبێ بە ڕوونی لەم پەسندکراوەدا بنووسرێت کە بەپێی یاسای ئامریکا، بۆ یەکەم جار، بەرنامەی مووشەکی دوورمەودا و بەرنامەی ناوکی وەک یەک بەئەژمار دێن و گەشەپێدان و تاقیکردنەوەی مووشەکەکان لەگەڵ تەحریمی سەخت بەرەوڕوو دەبێتەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشیدا وتوویەتی: هیچ کەس گومان لە قسەکانم نەکات؛ وتم تەئیدی ناکەم و تەئیدم نەکرد. ئەمە ڕێگەیەکە کە بەڵێنم داوە بیپێوم و دەشیپێوم؛ لەم راستایەشدا داوا لە وڵاتانی ئۆرووپایی دەکەم پشتیوانم بن. هەرچەند کە ئەگەر ئەوانیشم لەگەڵ نەبێت و یارمەتیم نەدەن من یەکلایەنە لە بەرجام دێمە دەرێ.