کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران بنەماڵەی سەدامی بە دەستێوەردان لە خۆپیشاندانەکانی ئێران تاوانبار کرد

15:15 - 23 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: پاش سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران، رێژێمی ئێران هەر جارەوە وڵاتێک و لایەنێک بە دنەدەری خۆپیشاندانەکان تاوانبار دەکات.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٢ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕەمەزان شەریف، وتەبێژی سپای پاسداران، لە لێدوانێکدا لە پەراوێزی کۆتایی فستیڤاڵی بڵاڤۆک و هەواڵدەرییەکان کە لە شاری ئیسفەهان بەڕێوە چوو، باسی لەوە کردووە، کە لە پشت خۆپیشاندانەکانی ئێران بنەماڵەی سەدام حوسێن دەبیندرێت.

ئەم قسەی وتەبێژەی سپای پاسداران، پێشتریش لە ڕاگەیندراوێک لە لایەن کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم پەسەند کرابوو، بەڵام هەتا ئێستە هیچ بەڵگەیەک لەو پێوەندییەدا لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە ئاشکرا نەکراوە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا، وڵاتی عەرەبستان، ئامریکا، سەڵتەنەتخوازەکان و موجاهیدینی خەلقیشی بە دەستێوەردان لە خۆپیشاندانەکانی ئێران تاوانبار کرد، کە لە شاری مەشهەد لە ڕۆژی ٧ی بەفرانباری ئەمساڵ دەستی پێ کردووە و دواتر زیاتر لە سەد شاری گەورەی ئێرانی گرتەوە.

ئەم خۆپیشاندانانە کە لە سەرەتا لە مەشهەد بە هۆی گرانی و نالەباری باری ئابووریی خەڵک، دەستی پێ کرد، بەڵام دواتر بوو بە گۆڕەپانگەلێک کە دروشمی ڕووخانی ڕێژیمیان لێوە هەڵدەستا و هەر ئەم دروشمانە بەرپرسانی ڕێژیمی تووڕە کردووە و هەر جارە هێرش بۆ سەر لایەنێک و وڵاتێک دەکەن.