کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لایەنگرانی تیمی تراکتۆرسازیی تەورێز دژی ڕێژیمی ئێران دروشمیان دا

15:18 - 23 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: لایەنگرانی تیمی تراکتۆرسازیی تەورێز لە ستادیۆمی تەختیی تاران، دژی ڕێژیمی ئێران دروشمیان دا.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە میانەی یاری نێوان دوو تیمی تراکتۆرسازیی تەورێز و نەوت، پاش دۆڕانی تیمی تراکتۆرسازی، لایەنگرانی ئەو تیمە دژی آجرلو بەڕێوەبەری گشتیی ئەو تیمه کە کەسێکی سەر به سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانە، دروشمی تراختور سپاهی نمیخواهیمیان دا.

تیمی تراکتۆرسازی بە هۆی ئەوەی کە لە لایەن کەسانی نیزامییەوە ئیدارە دەکرێت، لە لایەن کۆنفدراسیۆنی تۆپیپێـی ئاسیا پەسەند نەکراوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، به هۆی ئەوەی کە ئەو تیمە لایەنگری زۆری هەیه و بە هۆکاری ئەمنییەتی لە ڕادەستکردنی ئەو تیمە بە کەرتی تایبەت خۆ دەبوێرن.

ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویشدا، فارسەکان لە بەرنامەی فتیلەدا بێڕێزیان بە نەتەوەی تورک لە ئێراندا کردبوو و ئەوەش ناڕەزایەتی و ڕێپێوانی ناڕەزایەتییانەی تورکەکانی لێ کەوتەوە، کە چەندین هاووڵاتیی تورکیش لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کوژران و بریندار کران.

دوای ئەو ڕووداوە هاووڵاتییانی ئازەریی‌زمانی شاری تەورێز، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، پێش دەسپێکی یاریی نێوان دوو تیمی تراکتۆرسازی و سیاە جامەگانی مەشهەد لە یاریگەی خومەینی دروشمی کەنداوی عەرەبیان (خلیج عرب)یان بەرز کردەوە و ئەوەش ناڕەزایەتی بەرینی فارسەکانی لێ ‏کەوتەوە.

فارسەکان، ئەو هاووڵاتییە ئازەرییانەیان بە ڕەگەزپەرست و ئەو تەماشاوانەیان بە داربەدەستی ڕۆژئاوا و پیادەنیزامی عەرەبستان و ئیسرائیل ناو بردبوو.