کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانڵد ترامپ: خامنەیی و سپا سەرکوتکەرن

15:27 - 23 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا لەسەر پرسی بەرجام، هێرشی کردە سەر خامنەیی و سپای پاسداران و بە سەرکووتکەر ناوی لێ بردن.

دانڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ڕاگەیەندراوی ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٢٢ی بەفرانبار کە تایبەت بوو بە پرسی ڕێککەوتننامەی ناوکی، ئەم ڕێککەوتننامەی بۆ ١٢٠ ڕۆژی دیکە درێژ کردەوە و هێرشی کردە سەر عەلی خامنەیی و سپای تێرۆریستی پاسداران.

لەم ڕاگەیەندراوەدا، ترامپ وتوویەتی: لە نێو ئێراندا، ڕێبەری ڕێژیمی تاران و سپای پاسداران، بۆ خنکاندنی خەڵکی ئێران کەڵک لە گرتن و ئەشکەنجە و سەرکوت وەردەگرن؛ ڕێبەرانی زاڵ بەسەر ئێران خەڵکی وڵاتەکەیان بە برسییەتی هێشتووەتەوە و لە ڕێگەی تاڵان کردنی سامانە نیشتمانییەکان، خۆیان دەوڵەمەند کردووە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاگەیەندراوەدا ترامپ باسی لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئێران کردووە و وتوویەتی: من جارێکی دیکە پشتیوانی لە ئازادیخوازانی ئێران دەکەم؛ ئەو هاووڵاتییە بوێرانەی کە خوازیاری گۆڕینی رێژیمی گەندەڵی زاڵ بەسەر ئێرانن، کە پارە و سامانی خەڵکی ئێران بە تاڵان دەبەن و سەرفی تێرۆریزم و بەشی چەکوچۆڵی خۆیانی دەکەن.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، وێڕای تەئیدی تەحریمی نوێ بۆ سەر هەندێک لە کۆمپانیا و لێپرسراوانی کۆماری ئیسلامی، باسی لە سیاسەتە هەڵەکانی دەوڵەتی پێشووی ئامریکا کردووە و وتوویەتی: ئۆباما لە کاتی سەرۆکایەتییەکەیدا چاوی خۆی لە ئاست ڕووداوەکانی ئێران و هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ پڕچەک کردنی تێرۆریستەکان و سەرکووتی خەڵکی وڵاتەکەی داخست؛ من ناتوانم وا بم.