کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران گەمارۆی چەکوچۆڵی لە یەمەن پێشێل کردووە

15:43 - 23 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ڕێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویان کردووەتەوە، لە لایەن ڕێژیمی ئێران، گەمارۆی چەکۆچۆڵی لە یەمەن پێشێل کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە کارناسانی ڕێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕادەستی شۆرای ئەمنییەتی ئەو ڕێکخراوەیانە کردووە، باسیان لەوە کردووە، کە ڕێژیمی ئێران بە ناردنی پەهپاد و مووشەکی بالستیک بۆ حووسییەکانی یەمەن گەمارۆی چەکوچۆڵی شۆرای ئەمنییەتی پێشێل کردووە.

ئەو کارناسانە کە بەرپرسی چاوەدێریی جێبەجێ کردنی گەمارۆکانی سەر وڵاتی یەمەنن، توانیویانه هەندێک کەلوپەلی مووشەک و پەهپادەکان لە یەمەن ببیننەوە، کە بەرهەم و سازکراوی ڕێژیمی ئێرانن.

شۆرای ئەمنییەت، لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینیەوە، دوای دەستێوەردانی سعوودییە و هاوپەیمانانی لە شەڕی یەمەندا، گەمارۆی چەکوچۆڵیان بە دژی شەڕەکەره حووسییەکانی یەمەن پەسەند کرد.

حووسییەکانی یەمەن، به پاڵپشتی نیزامیی ڕێژیمی ئێران و به چەکی نێردراو لە لایەن ئەو ڕێژیمەوە، له چوارچێوەی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ نائارام کردنی ناوچەکه و گوشارهێنان بۆ سەر عەرەبستان، شەڕ دەکەن.

پێشتریش نیکی هێلی باسی لەوه کردبوو، کە ڕێژیمی ئێران گەمارۆی چەکوچۆڵی پێشێل کردووە.

بەپێی بڕیارنامەی ١٩٢١ی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران مافی کەڵک وەرگرتن لە مووشەکی بالستیکی نییە، کە توانایی هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکییان هەیە و وڵاتانی دیکەش دەبێت لە فرۆشتنی کەلوپەلی نیزامی و پارچەکانی چەکوچۆڵ بە ئێران خۆ بپارێزن.