کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لاوێکی خەڵکی ئەو شارەیان کوشت

14:07 - 24 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سنە پاش دەسبەسەرکران لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم، بە کوژراوی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سنە، پاش دەسبەسەر کردنی لاوێکی خەڵکی ئەو شارە بەناوی سارۆ قارەمانی تەمەن ٢٤ ساڵ، شەوی ٢٢ی بەفرانبار، بە کوژراوی تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی دەکەنەوە؛ ئەمە چوارەمین هاووڵاتییە کە لە دوو حەوتووی ڕابردوودا، لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئیتلاعاتییەکان گیانی لە دەست داوە.

ئەو لاوە کوردە، کە ماوەی ١١ ڕۆژ لەمەوپێش لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سنەوە دەسبەسەر کرابوو، شەوی ڕابردوو تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە؛ ناوبراو پێشتریش بۆ ماوەی یەک ساڵ و نیو، لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا بە تۆمەتی سیاسی – ئەمنیەتی دەسبەسەر بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: لە سەر جەستەی ئەو لاوە کوردە شوێنی ئازار و ئەشکەنجە دیار بووە و هێزە ئیتلاعاتییەکان هەروەها بە بنەماڵەی سارۆیان گوتووە، نابێت لەگەڵ هیچ ڕاگەیاندنێکدا، وتووێژ سەبارەت بەو ڕووداوە بکەن.

بە ئەنجام دانی ئەم جینایەتە، ئەمە پێنجەمین هاووڵاتیی لە ئێران و کوردستانە کە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە لە ژێر ئازار و ئەشکنجەدا، گیان لە دەست دەدات.

پێشتریش، ڕۆژی ٢٠ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی شاری ئەهواز بە ناوی ئاریا ڕووزبەهی بابادی کوڕی ئەکبەر، پاش دەسبەسەر کردنی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، کوژرا و تەرمەکەی خرایە ڕووباری کاروونەوە.

ئەمە یەکەمجار نییە کە گیراوانی سیاسی لە کوردستان لە نێو گرتنگە و زیندانەکانی ڕێژیم دەکوژرێن؛ لە ١٦ی بەفرانباری ساڵی ٨٦ی هەتاوی، خوێندکاری کورد، ئیبراهیم لوتفوڵاهی پاش ئەوەیکە لە زانکۆی پەیامی نووری سنە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا، دوای چەند ڕۆژ ڕاگرتن لە گرتنگەی ئیتلاعات، شەهید کرا.