کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

له هەمبەر گەمارۆی لاریجانی، ڕێژیم دژکردەوەی نیشان دا

14:40 - 24 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران له هەمبەر گەمارۆ خستنه سەر سادق لاریجانی دژکردەوەی نیشان دا.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، وەزارەتی دەرەوی ڕێژیم، رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٣ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، به بڵاو کردنەوەی ڕاگەیەندراویک، لەهەمبەر گەمارۆ خستنه سەر سادق ئامولی لاریجانی، بەرپرسی دەزگای قەزایی ڕێژیم، دژکردەوەی نیشان دا و ئەو کردەوەی وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکای، به بەزاندنی هێڵی سوور ناودێر کرد.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کۆماری ئیسلامی هیچ کردەوەیەک لە دەرەوەی چوارچێوەی بەرجام ناکات و له ئێستە و له داهاتووشدا دەسکاری کردنی بەرجام قەبوول ناکات.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، ڕێژیم ‌هەڕەشەی کردووە که له بەرامبەر ئامریکا و وەزارەتی خەزێنەداری ئەو وڵاتە که گەمارۆەکانی بەسەر ڕێژیمدا سەپاندووە، بێدەنگ نابن و دژکردەوەی توندیان دەبێت.

سادق ئامولی لاریجانی، بەرپرسی دەزگای دادی ڕێژیم، بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ گەمارۆی خراوەتە سەر، لاریجانی به دانی حوکمی ناڕەوا و دژی مافی مرۆڤ له دەزگای قەزایی و واژۆکردنی حوکمی ئێعدامی زۆرێک له هاووڵاتیانی ئێرانی و ئەشکەنجە و دەسدرێژی کردن بۆ سەر زیندانیان، تاوانبارە و لەسەر ئەم بنەماش وەزارەتی خەزێنەداری، گەمارۆی خستووەتە سەر ناوبراو.