کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیم لە لەندەن خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد

14:45 - 24 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بە مەبەستی پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیم لە لەندەن خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی هەینی ٢٢ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، بۆ پشتیوانیکردن لە خرۆشانی گەلانی ئێران دژ بە حکوومەتی فاشیستی ـ مەزهەبیی ویلایەتی فەقیهـ، لە بەردەم دەرگای باڵوێزخانەی ڕێژیم لە شاری لەندەن کۆبوونەوە.

خۆپیشاندانەکە کاتژمێر یەکی پاش نیوەرۆ بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد، پاشان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ئەم ناڕەزایەتی دەربڕینانەی ناوخۆی ئێران، خولەکێک بێدەنگی ڕاگەیەندرا.

لە درێژەی ئەو خۆپیشاندانەدا بەشداربووان به دروشم و نیشاندانی پلاکارد پشتیوانیان لە خەڵکی ئێران کرد کە دژ بە کۆماری پەت و سێدارەی ئیسلامیی ئێران ڕاپەڕیون.

ڕێپێوانەکە دوو کاتژمێری خایاند و لە کۆتاییدا، بەیاننامەی خۆپێشاندەران ڕوو لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی بڵاو کرایەوە کە تێیدا داوا کرابوو، ڕووبەڕووی ڕێژیمی ئێران بوەستنەوە و داخوازیی گەلانی زوڵم لێکراوی ئێران کە نەمانی ڕێژیمی ئێرانە، وەپشت گوێ نەدەن.