کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران خۆی بە براوەی ڕێککەوتننامەی بەرجام دەزانێت

15:29 - 24 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: جێگری وەزیری دەرەوەی ڕێژیم، باسی لە سەرکەوتنی خۆیان بەرامبەر بە ئامریکا کردووە.

جێگری وەزیری دەرەوەی رێژیمی ئێران، عەباس عێراقچی، رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٣ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا، وتوویەتی: ئێمە لە شەڕی دیپلۆماتیک بەرانبەر بە ئامریکا توانیمان سەرکەوتن بەدەست بێنین و بەرجام بپارێزین.

عێراقچی ئاماژەی بەوە داوە کە پاش هاتنە سەرکاری ترامپ و هەڕەشەکانی بۆ کۆتایی هێنان بە بەرجام، کۆماری ئیسلامی هەوڵێکی دیپلۆماتیکی بەرینی لە پێناو پاراستنی ئەو رێککەوتنە دەست پێکردووە.

پاش رێککەوتنی بەرجام لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی، بڕی یەک میلیارد دۆلار لە پارە بلۆکە کراوەکانی ئێران ئازاد کران و دراونەتە دەست رێژیمی ئێران؛ بە وتەی عێراقچی، پاش بەرجام و هەڵپەساردنی گەمارۆکان، رێژیم توانیویەتی سوودێکی زۆر لە بازرگانی نەوت و کەرتی گواستنەوەی شتومەک و هتد بکات و لەو ماوەیە پارەیەکی زۆری دەست کەوتووە.

رێژیمی کۆماری ئیسلامی پاش ئەو ڕێککەوتننامەیە بەڵینی باشتر بوونی ژیان و مەعیشەتی خەڵکی دابوو، بەڵام پاش تێپەڕبوونی ٣ ساڵ، بەپێی وتە و ئامارەکانی خودی بەرپرسان و کارناسانی ئەو رێژیمە، ئابووری ئێران ساڵ لەگەڵ ساڵ داڕمانی زیاتری بەخۆوە بینیوە و ژیانی خەڵک خراپتر و سەختتر بووە.

کۆمەڵگەی جیهانی بەردەوام رەخنە لەو حکوومەتە دەگرێت و رێژیم بە سەرچاوەی ناکۆکی و نائارامییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەزانێت؛ نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو بارەوە چەندین بار وتوویەتی رێژیمی ئێران بە پشتگیری ماددی، چەک و چۆڵی سەربازی و هەروەها یارمەتی ڕاستەوخۆی گرووپ و لایەنە تێرۆریستییەکانی وەک حیزبوڵا، حەماس، حووسیەکانی یەمەن، حەشدی شەعبی و تەنانەت داعش و ئەلقاعیدە و تاڵیبان، بووەتە مەترسییەکی سەرەکی بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان.

عەباس عێراقچی لەهەمبەر پڕۆژەی مووشەکی سپای پاسدارانیش وتوویە: پرسی مووشەکی ئێمە و گەشەپێدانی نە جێگەی باسە و نە سازش.

خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لەو ساڵانەی دواییدا ماوە بە ماوە لەهەمبەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و قەیرانە ئابوورییەکان و گرانی، دەنگی خۆیان بەرز کردووەتەوە، کە بەرینترینیان لە دوو حەوتووی ڕابردوودا بوو کە شەقامی زۆرێک لە شارەکانی ئێران شاهیدی سەرهەڵدانی خەڵکی ناڕازی بە کردەوەکانی رێژیم بوون و راستەوخۆ بێزاری خۆیان بە نسبەت دەستێوەردانەکانی ئەو رێژیمە لە وڵاتانی دیکە کە بووەتە سەرچاوەی نەهامەتی و فەقر و هەژاری و گرانی بۆ خەڵکی ئێران، دەربڕی و تەنانەت تەواویەتی ئەو رێژیمەیان کردە ئامانجی دروشمەکانیان و داوای روخانی رێژیمیان کرد.

بێکاری، هەژاری، گرانی و نەبوونی هیچ هیوایەک بە داهاتوو، ئەو هۆکارانەن کە خەڵکی ئێرانی هێنایە سەر شەقامەکان و بۆ ژیانێکی باشتر بەرانبەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران راوەستان، کە بەو هۆیەوە بە سەدان کەس لە خەڵکی ناڕازی کوژران و بە هەزارانیش گیران، ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانێکی وەک عەباس عێراقچی باس لە هەوڵی بەرینی دیپلۆماتیک دەکەن بۆ پاراستنی رێککەوتننامەی بەرجام کە تەنیا بۆ سەرانی رێژیم و سپای پاسداران و لایەنە تیرۆریستییەکانی سەر بە سپای قودس لە وڵاتانی دیکە، سوودی هەبووە و هەیە.