کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو داوای دەستکاری کردنی بەرجامی کردووە

15:35 - 24 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرکۆماری فەڕانسە، داوای دەستکاری کردنی بەرجامی کردووە.

بنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەمانۆئێل ماکرۆن سەرکۆماری فەڕانسه، لە وڵاتی فەڕانسە و ئەو وڵاتانی زلهێزی ئورووپای خوازیاری بەردەوامی و پێبەندبووی ڕێککەوتننامەی بەرجام داوای کردووە، که خاڵه لاوازەکانی ئەو ڕێککەوتنامەیە بگۆڕدرێت.
نێتانیاهوو لەو وتووێژەدا، ئاماژەی بەوە کردووە، که دەبێت پێش به چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ گەیشتن به چەکی ناوکی و سازکردنی مووشەکی بالستیکی بگیردرێت، هەروەها جەختی کردۆتەوە، کە ڕێژیمی ئێران پاڵپشتی تێرۆریزم له ناوچەکە و جیهانە.

لەو وتووێژەدا ئامانۆئێل ماکرۆن سەرکۆماری فەڕانسە، پێداگری کردووە، که خاڵەکانی ڕێککەوتنی ناوکی دەبێت لە لایەن هەر دوو لاوە جێبەجێ بکرێت و لە لایەکی دیکەشەوە نیگەرانیی خۆی لە هەمبەر چالاکییە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێرانی دەربڕیوە و وتوویەتی: لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لەو بارەوە وتووێژ بکرێت.

ئەم وتووێژانە دوای ڕاگەیندراوەکەی دانڵد ترامپ بووە، که بۆ دواجار گەمارۆکانی بۆ سەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی زیاتر و چڕتر کردووەتەوە، بەشێکی زۆر له ئەندامانی کۆنگرەی ئامریکا پاڵپشتی خۆیان له ترامپ به دژی ئەو ڕێژیمە ڕاگەیاند.

نیکی هێلیش نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە کردووە، که لەگەڵ ئامریکا به دژی ڕێژیمی ئێران هاودەنگ بن.