کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کازم سدیقی: ئەوانەی هاتنە سەر شەقام زبڵ و زارن

15:55 - 24 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: بەرنوێژی هەینی تاران، لە نوێژی هەینی ئەم حەوتوویەدا، ناڕازییان و خۆپیشاندەرانی ڕۆژانی ڕابردووی بە زبڵ ناوزەد کرد.

کازم سدیقی، بەرنوێژی هەینی تاران ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٢ی بەفرانبار و لە نوێژی هەینی ئەم شارەدا، سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی ناڕازی و ڕێپێوانە نمایشییەکانی ڕێژیم قسەی کرد و وێڕای پەسن کردنی کۆمێدیای حکوومەتی، خەڵکی ناڕازی بە زبڵ ناودێر کرد و وتی:کۆبوونەوەی گەل، دەریایەکی ساز کرد و زبڵ و زارەکانی شۆردەوە.

ئەمە یەکەم جار نییە کە کەسێک لەم پلە و پایە بەمشێوەیە لەسەر ڕەخنەگران و خەڵکی ناڕازیی دەدوێ؛ پێشتریش ئاخوند عەلەمولهۆدا لە لێدوانێکی جێگەی شەرمدا، گەلانی ڕاپەڕیوی بە بزن و گوێرەکە ناوزەد کردبوو.

ئەم کەسانە لە کاتێکدا قسەی نەشیاوی لەم چەشنە دەکەن و سووکایەتی بە ئازادیخوازان و مافویستان دەکەن کە بە وتەی سەلمان سامانی، وتەبێژی وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیم، لە چوار ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٤٣ هەزار کۆبوونەوەی ئێعترازی لە ئێران بەدژی ڕێژیم بەڕێوە چووە کە لە ڕۆژدا دەکاتە نیزیک بە ٣٠ گردبوونەوەی ئێعترازی.

لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکان لە ئێران، گەورەبەرپرسانی ڕێژیم لەوانە خامنەیی و ڕوحانی خەڵکی وەزاڵەهاتوویان بە دوژمن و جێبەجێکاری ئەرکە پێئەسپێردراوەکانی ئیسرائیل و ئامریکا ناساند و دەیانگووت ئەوانەی هاتوونەتە سەر شەقامەکان خەڵکی ئێران نین!