کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە گەلانی ئێران لە وڵاتی سویس بەڕێوەچوو

20:21 - 24 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانێکی جەماوەری لە لایەن کوردستانیان و ئێرانییەکانی نیشتەجێی سویس بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران لە شاری زوریخ بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٣ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، بە بەشداری سەدان کەس لە کوردانی دانیشتووی سویس و بەشێک لە ئێرانییەکانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە، خۆپیشاندانێکی جەماوەری دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بۆ پشتیوانی لە گەلانی ڕاپەریوی ئێران بەڕێوەچوو.

سەرەتای خۆپیشاندانەکە بە ڕێپێوانێکی دوورو درێژ و بە وتنەوەی دروشم بە زمانەکانی کوردی، ئاڵمانی و فارسی بە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بۆ پشتیوانی لە گەلانی ئێران بە نێو شاری زوریخ دەستی پێکرد.

خۆپیشاندەران دوای نزیک بە دوو کاتژمێر ڕێپێوان بۆ دەسپێکردنی بەشی دووهەمی ڕێپێوانەکە گەڕانەوە مەیدانی ئەسڵی خۆپیشاندانەکە کە تایبەت بوو بە پێشکەشکردنی وتاری هێز و لایەنە سیاسیەکان؛ لەو بەشەدا چەند پەیام بە زمانەکانی ئاڵمانی، کوردی و فارسی بەناوی کۆمیتەی پشتگیری لە خەباتی گەلانی ئێران کە ئەو خۆپیشاندانەی وەڕێخستبوو خوێندرایەوه.

لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکە، پەیامی هێز و لایەنەکان پێشکەش کرا کە لەو بەشەدا کامران ڕەسووڵی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی سویس کە هاوکات سەرپەرستی کۆمیتەی ڕێکخەری ئەو خۆپیشاندانەش بوو وتاریکی پێشکەش کرد.

ڕەسووڵی لە سەرەتای قسەکانیدا وێڕای دەسخۆشی لە بەشداران و نۆێنەرانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لەو خۆپیشاندانە، هاودەنگی و یەکهەڵوێستی هێز و لایەنە کوردستانییەکانی لەو خۆپیشاندانەدا بەرز نرخاند.

ڕەسووڵی لە درێژەی قسەکانیدا پشتیوانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بۆ ڕاپەرینی گەلانی ئێران دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە حیزبی دێموکرات هەردەم پشتیوانی لە ویست و داخوازیی گەلانی ڕاپەریویی ئێران دەکات.

بە دوای خوێندنەوەی پەیامی هێزو لایەنە سیاسیەکانی بەشدار، بەشی کۆتایی خۆپیشاندانەکە تەرخان کرا بۆ پێشکەشکردنی پارچە موزیکێک بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی ناوخۆی وڵات.

ئەندامانی حیزب لە وڵاتی سویس بەشدارییەکی بەرچاو و چالاکانەیان لەو خۆپیشاندانەدا ھەبوو.