کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ویکلی ستاندارد: خۆشبژێوە بێ‌ئازارەکانی تاران سەرقاڵی ژیانی خۆیانن

20:24 - 24 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: گۆڤاری ویکلی ستاندارد لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە چینی خۆشبژێوی بێ‌ئێش و ئازار لە ئێران کردووە کە ئێرانێکی تریان هەیە و سەرقاڵی ژیانی خۆیانن.

گۆڤاری بەناوبانگی ویکلی ستاندارد سەر بە دامەزراوەی ئینتێرپرایزی ئامریکا، لە ڕاپۆرتێکدا لە ژێر ناوی ئێرانێکی تر، باسی لە چینێکی کۆمەڵگەی ئێران کردووە کە لەوپەڕی خۆشبژێویدا دەژین و ئاگایان لە ژان و ئێشەکانی خەڵکی ئێران نییە و نازانن مانای ئازار چییە.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە چینێک لە ئێراندا دەژین کە سەر بە ڕێژیمی مەزهەبی تارانن و لەوپەڕی خۆشبژێوی و ئاسایشدان؛ ئەوانە بێ سەرنجدان بە ئێعترازەکانی خەڵک، بەردەوام وێنە و فیلمی شایی و کات ڕابواردنەکانیان لە دنیای مەجازیدا بڵاو دەکەنەوە، کە جاری وایە هەست دەکەیت ئەو کەسانە خەڵکی وڵاتێکی وەک ئامریکان.

ئەو وێنانەی کە بڵاوی دەکەنەوە زۆر هاوشێوەی وێنەگەلێکە کە لاوانی ئامریکایی و ئۆرووپایی بڵاوی دەکەنەوە؛ تەنیا ئەو کاتە دەزانیت کە ئەوانە ئێرانین، کە لە وێنەکەدا ئاڵای کۆماری ئیسلامیش دەردەکەوێ.

لە بەشێک لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە؛ لە هەندێک لەم وێنەگەلەدا کچانێک دەبینی کە دەمپایی ١٠٠٠ دۆلاری هێرمێسیان لە پێ کردووە و لە تەنیشت مەلەوانگەی گەورە لە ڤیلا و خانووە گەورە شایانە و تەلاری گراندا، دەسووڕێنەوە.

لە کۆتاییشدا نووسیویەتی: هەموو ئەمانە لەکاتێکدا ڕوو دەدەن کە لەوپەڕی شاردا، خەڵکێکی بێدەرەتانی هەژار ناچارن گورچیلەکانیان بفرۆشن تاکوو بتوانن سکی برسی منداڵەکانیان تێر بکەن؛ ئێرە ئێرانێکی ترە.