کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆربەی دەشتەکانی ئێران تووشی بێئاوی هاتوون

14:45 - 25 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: بە هۆی دابەزینی ئاوە ژێرزەوینییەکان، زۆربەی دەشتەکانی ئێران، تووشی بێئاوی هاتوون و وشک بوون.

بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی دارستان و لێرەوار و ئاویاریی ڕێژیم، نگهدار ئەسکەندەری شیری، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەیەکدا لە ورمێ، وتوویە: لە کۆی ٦٠٠ دەشتی ئێران ئاوی ژێرزەوینی ٢٤٥ دەشتیان بە ڕێژەیەکی زۆر دابەزیوە و ٣٥٥ دەشتیش تووشی بێئاوی و وشکبوون هاتوون.

نگهدار، هۆکاری ئەو کەمئاوی و وشکەساڵیانەی بۆ زێدەڕەوی لە بەکارهێنان و دەرهێنانی ئاوی ژێرزەوینی و هەروەها لەنێوچوونی دارستانەکانی گەڕاندوەتەوە و وتوویە: ساڵانێکی زۆر پێویستە هەتا ئاوێک کە لە یەک ساڵدا بەکار دەچێت، لە ژێرزەویندا جێ بگرێتەوە.

پێشتریش کارناسان بە بەردەوامی هۆشداریان داوەتە حکوومەت، کە دۆخی کەمئاوی خەریکە ئێران بەرەو ئاقارێکی زۆر مەترسیدار دەبات و پێشبینیان کردووە، کە ئەگەر ڕێژیم هیچ پلانێکی نەبێت، لە ٣٠ ساڵی داهاتوودا ئەو وڵاتە دەبێتە وڵاتی ڕۆحەکان و لە ٥٠ ساڵی داهاتوودا ئاوی ١٢ پارێزگای ئێران بە تەواوەتی نامێنێت.

ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، دامەزراوەی ئاشتی ئامریکا ڕایگەیاندبوو، کە مەترسییەک کە بە هۆی قەیرانی ژینگەیی هەڕەشەی لە ئێران دەکات، زۆر زیاتر لە نەیارانی دەرەکی و ململانێی سیاسییە، بەڵام ئەوەی بەرچاو دەکەوێت لە ڕوانگەی بەرپرسانی ڕێژیمەوە ژیان و داهاتووی خەڵکی ئاسایی بچووکترین گرینگی نییە و تەنیا هەوڵی زیاتر کردنی هێژمۆنی خۆیان لە دەرەوەی سنوورەکان و کارکردن لەسەر ئامانجی بەناو هەناردە کردنی ئینقلابن.