کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەیەمین ساڵیادی شەهیدکرانی \"ئیبراهیم لوتفوڵاهی\"

14:57 - 25 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ئەمڕۆ دەیەمین ساڵیادی شەهیدکرانی ئیبراهیم لوتفوڵاهییە کە لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە دژی‌گەلییەکانی ڕێژیم لە شاری سنە، لە پێناو کۆمەڵێک ئامانجی بەرزی مرۆڤانە، گیانی لە دەستدا.

رۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ١٦ی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٦ هەتاوی، پاش ئەوەیکە ئیبراهیم لوتفوڵاهی لە زانکۆ دێتە دەرەوە لە لایەن هێزە دژه مروێیەکانی کۆماری ئیسلامی بە بێ هیچ تاوانێک دەسبەسەر دەکرێ و لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی شاری سنە رادەگیرێت.

دوای نزێک بە ٩ رۆژ ئەشکنجە و ئازاردان، لە رۆژی سێشەممە ٢٥ی بەفرانباری ١٣٨٦ی هەتاوی، هەواڵی شەهید کرانی ئیبراهیم بە کەس وکاری ڕادەگەیەنرێت کە گوایە شەهید ئیبراهیم لە زیندان خۆی کوشتووه؛ ئەوە لە حاڵێکدایە کە هیچ کەرەستەیەکی وەک تەناف یان شتێکی دیکە بۆ خۆکوشتن لەو زیندانەدا بوونی نییە.

رۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢٦ی بەفرانبار، لە گۆڕستانی بەهەشتی موحەممەدی شاری سنە لە لایەن بەکرێگیراوانی رێژیمەوە، تەرمی هاوڕێ ئیبراهیم، بە خاک دەسپێردرێت و زوویش مەزارەکەی بتۆن کاری دەکرێت؛ هەروەها بە بنەماڵەکەشی رادەگەیەنن کە نابێت مەراسمی پرسە و سەرەخۆشی بۆ دابنرێ.

دوای شەهیدکرانی ئەو خوێندکارە ئازادیخوازە، لەلایەن بنەماڵە و پارێزەرەکەیەوە زۆر هەوڵ درا تاکوو راپۆرتی پزیشکی دادوەری وەربگرن بەڵام تەنیا ئەنجامی ئەم هەوڵە چەندین جار هەڕەشەی بێسەروشوێن کران و زیندانی کردنی ئەندامانی بنەماڵەی ئیبراهیم بوو.

لە پاش ١٠ ساڵ لەو ڕووداوە، ڕێژیم بەردەوامە لەم چەشنە جینایەتانە و بە گرتن و لێدان و ئەشکەنجەی لاوانی کورد و لە کۆتاییشدا کوشتنیان، بەردەوام جینایەت دەخوڵقێنێ؛ دوایین نموونەی لەم چەشنەش گرتن و کوشتنی سارۆ قارەمانی خەڵکی سنەیە، کە پاش ١١ ڕۆژ ڕاگرتن لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات، تەرمی بێ‌گیانیان ڕادەستی بنەماڵەکەی کرد و بەو پەڕی ڕووهەڵمالراوی ڕایانگەیاند کە لە ڕەوتی تێکهەڵچوونێکدا کوژراوە.