کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاقوەسان خەریکە لەنێو دەچێت

15:11 - 25 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ئاسەواری مێژوویی تاقوەسان، به هۆی کەمتەرخەمیی ڕێژیم بەرەو لەنێوچوون، دەڕوات.

ڕێژیمی ئێران، به بەردەوامی له هەمبەر ئاسەوارە مێژووییەکان کەمتەرخەم بووە و کەمترین چاوەدێری و پاراستنی لەسەر ئاسەوارە مێژووییەکان بەتایبەت ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستان، هەبووە.

زۆرجار هەواڵی ڕووخان و خەسار پێ گەیشتن به ئاسەواری تاقوەسان بیستراوە، بەڵام لەو کاتەی که ڕێکخراوی ئاسەوارە مێژووییەکانی ڕێژیم له کرماشان، دەستی به تێکدانی دەوروبەری تاقوەسان و نۆژەنکردنەوە ئەو ئاسەوارە بۆ تۆمارکردنی لە ئاسەوارە مێژووییەکانی جیهان کرد، تاقوەسان ڕووی فەوتان کرد.

بۆ تۆمار کردنی ئاسەوارە مێژووییەکان دەبێت، دەوروبەری ئەو ئاسەوارە و خودی ئاسەوارەکه، شوێن پەنجەی سازکردنی نوێی پێوە دیار نەبێت، هەر بۆیەش ڕێکخراوی ئاسەوارە مێژووییەکانی ڕێژیم له کرماشان دەستی به لەنێوبردنی بیناکانی دەوروبەری تاقوەسان کرد، ئەم کردەوەیە له ئەسڵدا بۆ تۆمارکردنی جیهانی پێویست بوو، بەڵام بە شێوەی ناکارناسانە و ناشارەزایانە کردوویانە.

به کەڵکوەرگرتن له کومپرسۆر و ماشینی گەورەی بیناسازی و هەڵکەندنی بناغەی ئەم ئاسەوارە، دەستیان به نۆژەنکردنەوە کردووە، کومپرسۆرەکان له مەودای یەک مێتری ئاسەوارەکە دەستیان به کارکردن کردووە، ئەم کارە ناکارناسانه بووە هۆی ڕەخنەگرتنی زۆرێک له کارناسان و خەڵکی شاری کرماشان، چوونکه دەنگ و لەرزینی کارکردن و شکاندنی بەردەکان، زۆرترین خەساری به تاقوەسان گەیاندووە.

لە لایەکی دیکەشەوە، ڕێگەی ئاوی کانی تاقوەسانیان گۆڕی و هێنایانە بەردەم تاقی تاقوەسان، کە بە وتەی کارناسان، ئەو ئاوە لە داهاتوودا خەساری قەرەبوونەکراو بەو ئاسەواره دەگەینێت.

سەرەرای قسەکانی کارناسان و وەدەنگ هاتنی خەڵکی کرماشان، کارناسانی ڕێژیم هەر بەو شێوەیە درێژەیان به کارەکانیان داوە.

یەکەم کێشەی کە بۆ تاقوەسان دوای ئەو نۆژەنکردنەوە پێش هات، چوونی ئاو بۆ نێو قەڵشی بەردەکانی تاقەکانی تاقوەسانە که دوای ساڵێک کەڕوویان هێناوە؛ دیسان بەناو کارناسانی ڕێژیم بۆ چارەسەریی ئەم کێشەیە، به شێوەێکی زۆر ناکارناسانه دەستیان به لەنێوبردنی کەڕووەکان لەسەر ئەو ئاسەوارە کردووە، نە تەنیا بۆیان چارەسەر نەکرا، خەسارێکی دیکەیان بەو ئاسەوارە گەیاند.

ئەم شێوە نۆژەنکردنەوە و پاراستن و چاوەدێری کارناسانی ڕێژیم، بووەتە هۆی ئەوەی که یەکێک له تاقەکانی تاقوەسان قەڵەشیوە، که به هیچ شێوەیەک قەرەبوو ناکرێت، بەڵکوو ڕوو له زیادبوون و گەورەتر بوونیش دەکات.