کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکی تەبلیغیی بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان

15:31 - 25 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە شاری سەقز چالاکی بەرینی تەبلیغییان بەبۆنەی ٢ی ڕیبەندان، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سەقز لە بەرەبەری هاتنی ٢ی ڕێبەندان، ٧٢هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، چالاکی تەبلیغییان ئەنجام دا.

ئەو شوینانەی چالاکی تەبلیغی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: گەڕەكەكانی شاناز، کەریم ئاوا، تەپەی ماڵان و بەردبڕان.

له رۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢١ی هەتاویدا، رووناكبیرانی كورد له رۆژهەڵاتی كوردستان، به كەڵك وەرگرتن له هەلومەرجی سیاسی پێكهاتوو له ئەنجامی شەڕی جیهانیی دووهەم، رێكخراوی نهێنی ژ ـ ك، (كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد)یان دامەزراند. دوای سێ ساڵ خەباتی نهێنی و ئەزموونی رێكخراوەیی، له ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤ی هەتاویدا و لەسەر بنەما تەشكیلاتییەكانی ئەم رێكخراوەیه و به خوێندنەوەیەكی واقیعبینانه و سەردەمیانه، حیزبی دێموكراتی كوردستان، وەك رێكخراوێكی مۆدێڕن دامەزرا؛ دواترپێشەوا قازی محەممەد رێبەری هەڵكەوتووی ئەم حیزبه له ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی (٢٢ی ژانویەی ١٩٤٦) به ڕەسمی دامەزرانی كۆماری كوردستان ی ڕاگەیاند و بوو به سەركۆماری ئەم كۆماره.

ساڵانە خەڵکی تێکۆشەری کوردستان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان ئەم یادە مێژووییە مەزنە، بە ئەنجامدانی چالاکی جۆربەجۆر، بەرز ڕادەگرن.