کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی نادیاری بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان دوای زیاتر له دوو مانگ

20:16 - 25 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: دوای تێپەڕبوونی زۆرتر له دوو مانگ له کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان، هێشتا چارەنووسی لێقەوماوان دیار نییە.

زیاتر له دوو مانگ له بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان تێ دەپەڕێت و خەڵکی لێقەوماوی ئەو ناوچانه لە ژێر خێوەتەکان لە بەر بەفر و باران و سەرما چاوەڕوانی خزمەتگوزارییەکانی ڕێژیمن و بەپێی دروشمەکانی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، دەبوو هەتا ئێستە بەشێکی زۆر له کێشە و گرفتەکانی لێقەوماوان چارەسەر کرابا.

نە تەنیا گرفتەکانی خەڵک چارەسەر نەبووە، بەڵکوو به هاتنی وەرزی سەرما ڕۆژ به ڕۆژ ڕوو له خراپی دەنێت و بارودۆخی خەڵک لە نێو خێوەتەکانی و کانێکسەکان نالەبارە و تەنانەت له هەندێک ناوچەشدا، هێشتا خەڵک خێوەت و کانکسیان وەرنەگرتووە.

لە یەکەم ڕۆژەکان، بەرپرسانی ڕێژیم بەڵێنیان داوە، که به زووترین کات دەست دەکەن به نۆژەنکردنەوەی ماڵە ڕووخاو و خەساردیوەکان، بەڵام هێشتا دوای زیاتر له دوو مانگ، کەمترین کردەوەیان لەو بەشە بووە.
ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر ئەو خەسارانه، بوودجەیەکی دیاری کرد و بەڵێنی وام و قەرزی به خەڵک داوە، بەڵام هەتا ئێستە کێشەکە لەوەدایە که بانکەکان هاوکاری ناکەن و وڵامی خەڵک نادەنەوە.

شەش بانک له لایەن ڕێژیمەوە دیاری کراون، که ئەو وامانە به زووترین کات به خەڵک بدەن؛ ٧٧ هەزار بینا بۆ وەرگرتنی وام بۆ سازکردن و نۆژەنکردنەوە دیاری کراون، بەڵام دوای ٦٦ ڕۆژ تەنیا ٩ هەزار کەس توانیویانه لەگەڵ بانکەکان گرێبەست ببەستن، کە ئەوەش دیار نییە کەی دەتوانن وەری بگرن.

به وتەی بەرپرسانی ڕێژیم، دەبوو له ٤٥ ڕۆژ ٧٠ هەزار گرێبەست لەگەڵ خەڵک واژۆ کرابا، بەڵام بانکەکانی ڕێژیم لەوپەڕی کەمتەرخەمی و گرنگی نەدان به خەڵک، بیانووی جیاواز دێنن و کەڵکئاژۆیش دەکەن.

هەندێک له بانکەکان داوای زنجیرەی ٦ و ٩ کەسیان کردووە، لە حاڵێکدا لە ئەسڵدا ٣ کەسی دیاری کراوە و هەندێک له بانکەکانیش لە جیاتی ڕێژەی بینا به ڕێژەی کەسەکان قەرز دەدەن و ئەو کەسەی که چەند خانووی هەبووە تەنیا یەک قەرزی پێ دەدەن.

بەشێکی دیکە له کێشەکان دەگەڕێتەوە سەر نیزام موهەندیسی و دیاری کردنی ژێربینا و چۆنیەتی ساز کردنی خانووەکان بەپێی گەڵالەی هادی و نۆژەنکردنەوەی شارەکان، کە له ساز کردنی بەشێک له خانووەکان ڕێگر بووە.

هەروەها لە پرۆژەی نۆژەنکردنەوە، نەبوونی پێداویستییەکانی بیناسازی و درەنگ به دەست خەڵک گەیشتن، ڕەوتی نۆژەنکردنەوەی وە درەنگ خستووە، لە حاڵێکدا بڕیار وابووە که ڕێکخراوی سەنعەت، کانزا و تیجارەت، بەرهەمهێنانی پێداویستییەکانی بیناسازی له کارخانەکانی کرماشان بەرز بکەنەوە، بەڵام تا ئێستە بەرهەمهێنان زیاد نەکراوە.

ئەم خاڵانە لە حاڵێکدان که هێشتا هەڵگرتنی خاک و پاشماوە ڕووخاوەکان له ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان تەواو نەبووه و بە تەواوەتی شوێنی ماڵەکان بۆ نۆژەنکردنەوە خاوێن نەکراون و نۆژەنکردنەوە دوای زیاتر له دوو مانگ به فەرمی دەستی پێ نەکراوە و بەرپرسانی ڕێژیم له کرماشان هیچ گەڵاڵە و کردەوەیەکیان بۆ هەرچی زووتر تەواوبوونی نۆژەنکردنەوە نییە.

خەڵکی بێدەسەڵاتیش کە لێیان قەوماوە چاوەڕوانی دەستی ڕێژیمن و داوای خزمەتگوزاری دەکەن و لە ژێر خێوەتەکان به کەمترین پێداویستی دەژین و بارودۆخی ژیانیان زۆر نالەبارە و ڕێژیمیش کەمتەرخەمە و بۆی گرنگ نییە، که ژیان لەو ناوچانه چۆن بەسەر دەچێت.