کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری درۆی وتەبێژی دەزگای قەزاییی ڕێژیم لەسەر دەسبەسەرکراوەکان

20:58 - 25 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: وتەبێژی دەزگای قەزاییی ڕێژیم بە بڵاو کردنی ئامارێکی درۆینە، ڕێژەی دەسبەسەرکراوانی ٤٠٠ کەس و کوژراوەکانیشی ٢٥ کەس ڕاگەیاندووە.

غوڵامحوسێن موحسێنی ئێژەیی، وتەبێژی دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئێران، له پرێسکونفڕانسێکدا، ڕایگەیاندووە: که لە میانەی خۆپیشاندانی گەلانی ئێران، تەنیا ٤٠٠ کەس دەسبەسەر کراون و ٢٥ کەسیش لە شەقامەکان کوژراون.

ئەمە لە حاڵێک دایە که لە هەفتەی ڕابردوودا، مەحموود سادقی نوێنەری ڕێژیم له مەجلیس، ڕایگەیاندبوو: که ٣٧٠٠ کەس دەسبەسەر کراون.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، هەتا ئێستە ئامارێکی ڕوونی له دەسبەسەرکراوان بڵاو نەکردووەتەوە و ئەو ئامارانەش که لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیم بڵاو بووەتەوە، بەپێی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران که قەد ئامارێک له جنایەتەکانی خۆی ئاشکرا ناکات، جێگەی متمانە نین و لە ئامارەکاندا دیارە که کاربەدەستانی ڕێژیم یەکتر بە درۆ دەخەن.

بەگشتی بەپێی ئاماری ڕێکخراوی چالاکانی مافی مرۆڤ و چالاکانی سیاسی، به شێوەی نافەرمی هەتا ئێستە ٤٠٠٠ کەس دەسبەسەر کراون و لە کاتی خۆپیشاندانەکانیش ٢٨ کەس کوژراون.

ئەمە لە حاڵێکدایە که ڕێژیمی ئیران، باس له کوشتنی دەسبەسەر کراوەکان له زیندان له ژێر ئەشکەنجه ناکات و بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، هەتا ئێستە ٦ کەس له زیندانەکانی ڕێژیم، لە ژێر ئەشکەنجە و گوشاری ئەشکەنجەدەرانی ڕێژیم گیانیان لە دەست داوە.