کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ پشتیوانی لە ڕاپەرینی گەلانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان ڕێپێوانێک بەڕێوە چوو

21:18 - 25 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: بە مەبەستی پشتیوانی لە ڕاپەرینی گەلانی ئێران، لە وڵاتی ئاڵمان چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٣ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە شاری شتووتگارت بۆ هاودەنگی و پشتیوانی لە خرۆشانی بەکۆمەڵی گەلانی ئێران بە دژی دیکتاتۆریی حاکم بە سەر ئێراندا، ڕێپێوانێک بەڕێوە چوو.

لەو ڕێپێوانەدا کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ئاڵمان وێڕای کۆمیتەی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و چەند ڕێکخراوەیەکی تر بەشداری کرد و پەیامی هاوبەشی هەر دوو کۆمیتەی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە بە زمانەکانی کوردی و فارسی خوێندرایەوە.

هەر هەمان ڕۆژ لە شارەکانی هامبورگ و هانۆڤەر، کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێرای چەندین ڕێکخراوەی دیکەی کوردستانی و ئێرانی بۆ پشتیوانیی ڕاپەرینی گەلانی ئێران لە پێناو ڕووخانی ڕێژێمی ئێران ڕێپێوانیان بەڕێوە برد.

ڕۆژی چوارشەممەش ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانبار لە لایەن چەند میدیایەکی ئاڵمان پریسکۆنفڕانسێک بۆ چالاکانی سیاسیی ئێران، تایبەت بە پرسی ڕێگەپێدان بە مەحموود شاهڕوودی سەرۆکی پێشووی دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئێران لە ئاڵمان بەڕێوە چوو. لەو پرێسکۆنفڕانسەدا حاجی جووندی تێکۆشەری دێرین و ئەندامی حیزبی دێموکراتی ئێرانیش بەشداری کرد.

حاجی جووندی لە وتەیەکەدا ڕایگەیاند: شاهڕوودی دە ساڵ سەرۆکی دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئێران بوو. ناوبراو حوکمی لە سێدارەدان و زیندانی درێژماوەی بۆ سەدان کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەر کردووە.

بە بڕیاری شاهڕوودی ژنان و منداڵانی خوار تەمەن هەژدە ساڵ لە بەندیخانەکان هەڵواسران. لە ڕاستیدا شاهڕوودی لەو کەسانەیە کە ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە ئوتریش و برلین تێرۆر کرد و بەر لە هەر کەس و وڵاتێک، حکوومەتی ئاڵمان بە هۆی دادگاییی مێژووییی میکۆنۆس ئەو ڕاستییە دەزانێ و هەر بۆیەش ڕێگەپێدان بە کەسێکی وەک شاهڕوودی بۆ چارەسەریی پزیشکی لە وڵاتی ئاڵمان هەموو ئینسانێکی ئازادیخواز و دێموکرات و بەتایبەتیش گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تووشی سەرسووڕمان کرد. دەزگای دادی ئاڵمان بە هۆی دەرکردنی بوێرانەی بڕیاری مێژووییی میکۆنۆس لە مەڕ بە تێرۆریست ناساندنی رێژێمی ئێران و بە سزا گەیاندنی تێرۆریستان شکۆی بەرزی یەکسانی و عەداڵەتخوازی سەلماند، ئەمجارەش پێویستە جارێکی تر حکوومەتی ئاڵمان و دەزگای باڵای داد بوێرانە شاهڕوودی تیرۆریست و جەنایەتکار کە دەستی بە خوێنی هەزاران کەسی بێتاوان سوورە، ڕاپێچی دادگا بکات و سزای پێویست بدرێت.