کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەگبەتییەکانی ڕێژیم کۆتاییان نییە

14:54 - 26 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: تێپەڕبوونی کات، زیاتر ڕاستییەکانی سەر ڕێژیمی تاران ئاشکرا دەکەن و ئەمجارەیان نۆرەی سانچییە.

دۆخی شپڕێوی کۆماری ئیسلامی تا دێت شپرزەتر دەبێت؛ پاش بوومەلەرزەکەی کرماشان، بوومەلەرزەی سیاسی ئێرانی هەژاند، گرانی لەڕادەبەدەر خەڵکی ناچار بە خۆپیشاندان کرد، خولێکی نوێ لە تەحریمەکانی ئامریکا چەسپا و ئەمجارەشیان نەگبەتیی نەوتکێشی سانچی یەخەی ڕێژیمی گرتەوە.

ڕۆژێک دوای نوقم بوونی نەوتکێشی سانچی کۆمەڵێک هەواڵی سەرنجڕاکێش سەبارەت بە وردەکارییەکانی ئەو ڕووداوە و مەئمورییەتە شاردراوەکەی بڵاو کرایەوە؛ بەشێک لە بەناو نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم ڕایانگەیاند: ئامانجی ئەم کەشتییە کۆرەی باشور نەبووە بەڵکوو ئامانجی، کۆرەی باکوور بووە.

تەنانەت هەندێک کەسیان باسیان لەوە کرد کە بەپێچەوانەی ئیددعای ڕێژیم لەمەڕ پێکدادانی کەشتییەکی هۆنگ‌کۆنگی لەگەڵ ئەم نەوتهەڵگرە، هۆکاری ئەم ڕووداوە تەقینەوەیەکی مووشەکی بووە.

هەرچەند تا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیم ئەم هەواڵەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام ماڵپەڕی تابناک لەمبارەوە ئاشکرای کردووە کە بڕیار بووە ئەم نەوتکێشە بۆ کۆرەی باکوور بڕوات نەک کۆرەی باشوور؛ تەنانەت لەم هەواڵەی تابناک‌دا هاتووە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە ئەم کەشتییە هەڵگری مووشەک بووبێت بۆ کۆرەی باکوور!

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی نووقم‌بوونی کەشتی ئاماژەبۆکراو، ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیم باسیان لەوە کرد کە سانچی پاش پێکدادان لەگەڵ کەشتییەکی بارهەڵگری چینی تووشی ئەم رووداوە بووە؛ سانچی هەڵگری ١٣٦ هەزار تۆن شلەی گازی و نیزیک بە ١ میلیۆن بەرمیل نەوت بووە، کە نرخەکەی بریتییە لە ٦٠ میلیۆن دۆلار و نرخی خودی نەوتکێشەکەش بریتییە لە ٦٠ میلیۆن دۆلار.

لایەنێکی جێگەی گوومانی دیکەی ئەم ڕووداوە ئەوەیە کە وەک ڕۆژنامەی وال ‌ستریت‌ ژورناڵ باسی لێوە کردووە، کەشتییە ئێرانییەکە چەندین کاتژمێر پێش ڕووداوەکە سیستمە ناوبەرییەکەی کووژاندبوویەوە کە ئەمە زۆر نائاساییە؛ بەتایبەت کە شوێنی ڕووداوەکەش خاڵی کوێری ڕاداری نەبووە!

یەکێک لە سیناریۆ باسکراوەکان لەمبارەوە ئەوەیە کە نەوتکێشی سانچی بەو پاساوە دەزگاکانی ڕەدیابی خۆی کووژاندۆتەوە تاکوو لە ڕاداردا نەبیندرێت؛ لەمبارەوە کەیهانی لەندەن نووسیویەتی: لە بوڵتێنی نهێنی مەجلیسی ڕێژیمدا باس لە لێدانی کەشتییەکە لەلایەن مووشەکەکانی ئامریکاوە هاتووەتە بەرباس.

بەگشتی ئەوەیکە ڕوونە بەشێکی بەرچاو لە وردەکارییەکانی ئەم ڕووداوە بە نهێنی ماونەتەوە کە ڕەنگە تێپەڕینی کات ڕوونیان بکاتەوە بەڵام یەک مەسەلە پرئاشکرایە: نەگبەتییەکانی ڕێژیم کۆتاییان نییە.