کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپێکی سەر بە سپای پاسداران لە ئاڵمان ئاشکرا کرا

21:13 - 26 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: هێزە ئەمنییەتییەکانی ئاڵمان، لە چوار هەرێمی ئاڵمان زیاتر لە ١٠ ماڵیان پشکنی کە سەر بە سپای پاسدارانن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، هێزەكانی پاراستنی یاسای بنەڕەتیی ئاڵمان، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە یەك كاتدا و لە چوار هەرێمی ئاڵمان زیاتر لە ١٠ ماڵی ئێرانییەکانیان پشكنیوە.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، بەشێكی ئەو ئێرانییانە سیخوڕ و بەشێكیشیان ئەندامی سپای قودسن و باس لەوە دەكرێت پیلانیان بو کوشتن و لێدانی كەس و دەزگاکانی ئیسرائیل دانابێت؛ دادگای بەرزی ئاڵمان هێشتا بریاری دەسبەسەركردنی ئەو كەسانەی نەداوە و تەنیا ماڵەكانیان پشكێندراون.

پۆلیسی پاراستنی یاسای بنەڕەتیی ئاڵمان وتوویەتی، ئەمانە ماوەیەكی دوورودرێژە لەژێر چاوەدێریدان.

هەروەها ئاماژە بەوە كراوە، كە مۆرەکانی دەزگای ئەمنییەتیی ئێران (واواک)، لە كوشتنی دژبەران سڵ ناكەنەوە و ساڵی ١٩٩٢ی زایینی، چوار سیاسەتمەداری ئۆپۆزسیۆنی ئێرانییان لە بێرلین تێرۆر كردووە.

مەبەستی پولیسی پاراستنی یاسای بنەڕەتیی ئاڵمان، لەو چوار کەسە دوکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوڕێیان فەتاح عەبدولی، هومایون ئەردەڵان و نووری دێهکوردییە، کە لە ١٧ سێپتامبری ١٩٩٢ لە ڕێستورانی میکۆنۆس تێرۆر کران؛ لە بەهاری ساڵی ٩٧دا، دادگای ئاڵمان لە بڕیارێکی بوێرانەی مێژووییدا، ڕاستەوخۆ سەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی وەک بڕیاردەرانی ئەو تێرۆرە مەحکووم کرد.