کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوحانی: وڵاتێک کە سەرقاڵی شەڕی دەرەکی بێ، ناتوانێ بیر لە گەشەی نێوخۆیی بکاتەوە

14:15 - 27 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕێژیم لە کۆنفڕانسی مەجلیسی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاوکارییە ئیسلامییەکان ڕایگەیاند، هەر وڵاتێک سەرقاڵی شەڕی دەرەکی بێ ناتوانێ بیر لە گەشەی نێوخۆیی بکاتەوە.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی بەفرانبار، حەسەن ڕوحانی سەرکۆماری ڕێژیم، لە سێزدەیەمین کۆنفڕانسی مەجلیسی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاوکارییە ئیسلامییەکان، ڕوو لە نوێنەری وڵاتانی بەشدار باسی لە پێویستیی هاوکاریی ئەم وڵاتانە، بۆ گەیشتن بە گەشەی ئابووریی و کۆمەڵایەتی کردووە.

ناوبراو لە قسەکانیدا بێ ئەوەیکە ئاماژە بە ناوی وڵاتێکی تایبەت بکات، وتوویەتی: هیچ وڵاتێک ناتوانێ بیر لە گەشەی نێوخۆیی بکاتەوە، لەحاڵێکدا کە تووشی شەڕی دەرەکی بووە؛ هیچ وڵاتێک ناتوانێ هاوکات لەگەڵ بوردومان و کوشتنی نەتەوەکانی دراوسێی خۆی، بەرنامەداڕێژی بۆ گەشەی نێوخۆیی بکاتەوە.

چاودێرانی سیاسی لەمبارەوە پێیان وایە، ئەم قسانەی ناوبراو لە کاتێکدان کە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەنووکە بە دەس هەمان ژانەوە دەناڵێنێ؛ واتە لە حاڵێکدا گەشەی نێوخۆیی ئێران لەوپەڕی لاوازیدایە و خەڵک ناچار دەکات بڕژێنە سەر شەقام و داوای مافی خۆیان بکەن، ڕێژیم هەوڵ بۆ دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچە دەدات و تەنانەت بووەتە هۆکاری کوژرانی هەزاران هاووڵاتی سڤیل و مەدەنی لە وڵاتانێکی وەک عێراق و سوریە و یەمەن.

کۆماری ئیسلامی بەپێی دۆکتۆرینی هەناردە کردنی شۆڕش دەستێوەردان لە وڵاتانی دیکەی جیهاندا دەکات و ئەمەش بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێ و بە سازکردنی گرووپگەلی توندئاژۆ و پشتگیری کردنی لایەنە تووندڕەوەکانی وەک حەماس و حیزبوڵا و داعش و ئەلقاعیدە، هەوڵی بشێوی نانەوە لە ناوچە و جیهان دەدات.

لەم ڕاستایەشدا تاکوو ئێستا دەیان هەزار میلیۆن دۆلار لە سامان و داهاتی خەڵک و خاکی ئێرانی سەرفی پڕچەک‌کردنی ئەم لایەنانە کردووە.