کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

RMMK: دەوڵەتی ئێران دەبێت بەرپرسایەتی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و زیندانییان لە ئەستۆ بگرێت

15:20 - 27 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان داوای وڵامدانەوەی گیان لە دەستدانی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو، لە بەرپرسانی دەوڵەتی، ئەمنیەتی و قەزایی کرد.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئیددعای بەرپرسان سەبارەت بە گیان لە دەستدانی گوماناوی دەسبەسەرکراوان، دەبێ لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.

لە بەشێک لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە؛ هەر بەو شێوەیە کە میدیا نێوخۆیی و دەرەکییەکاندا ڕووماڵیان کردووە، هەوڵە ئەمنیەتی و پۆلیسییەکانی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کونتڕۆڵ کردنی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانە خەڵکییەکان، یان بەواتایەکی تر سەرکوتی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان لە سەرانسەری ئێران، هەتا ئێستا بووەتە هۆی گیان لەدەسدانی دەیان هاووڵاتیی و دەسبەسەر و زیندانی کردنی هەزاران هاووڵاتیی دیکە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا، میدیا و ڕاگەیەندنەکان باس لە گیان لە دەسدانی چەند هاووڵاتییەکی زیندانی بە تایبەتی سینا قەنبەری، وەحید حەیدەری، عەلی پۆڵایی، سارۆ قارەمانی، کیانووش زەندی و ئارام مۆعازی لە گرتووخانەکانی تاران، ئەراک، چالووس، ئەهواز و سنە دەکەن. ئەگەرچی بەرپرسانی قەزایی و ئەمنیەتی ئیددعای ئەوە دەکەن کە ژمارەیەک لەو زیندانییانە وەک سینا قەنبەری و وەحید حەیدەری خۆیان کوشتووە و سارۆ قارەمانی لە ڕەوتی شەڕ و تێکەڵچوونی چەکدارانەدا، کوژراوە، بەڵام سەرچاوە سەربەخۆکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ئەو ئیددعایەی بەرپرسانی حکوومەتی ڕەت دەکەنەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ ئەم ڕێکخراوەیە بەپێی بڕیارنامەی ٤٣/١٧٣ی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسندکراوی ٩ی دێسامبری ١٩٨٨ لە پێوەندی لەگەڵ پاراستنی مافی دەسبەسەرکراون، حکوومەت و دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسی گیانی سەرجەم دەسبەسەرکراو و زیندانییەکان دەزانێت.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان خوازیاری وڵامدانەوەی ڕاستگۆیانەی بەرپرسانی دەوڵەتی، ئەمنییەتی و قەزایی لەبارەی گیان لەدەسدانی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو و زیندانیان و لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بۆ دەرکەوتنی ڕاستی و دروستیی ئیددعاکانی بەرپرسان، بە تایبەت لە پێوەندی لەگەڵ گیان لەدەسدانە گوماناوییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوویه.