کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەی مەخمەڵباف بۆ تاجزادە

15:51 - 27 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: موحسین مەخمەڵباف، لە نامەیەکی سەر ئاواڵەدا رەخنەی لە مستەفا تاجزادە گرتووە لەهەمبەرپێداگری کردنی لەسەر رەوتی ئیسڵاحات لە رێژیمی ئێراندا.

مستەفا تاجزادە لەهەمبەرناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی ئێران، لە ڤیدیۆیەکدا باسی لەوە کردووە کە دەبێ پێش بە سووریە بوونی ئێران بگیردرێت و داوای لە خەڵک کردووە تا بە گوێڕایەڵ بوونی ئیسڵاحتەڵەبانی حکوومەتی، هەوڵ بدەن بۆ چاکسازی و ئیسڵاحات لە رێژیمی ئێراندا.

ئەو ئاخاوتنەی تاجزادە، هاوڕێیان و دۆستانی خۆشی تووڕە کردووە و لە نامەیەکی سەر ئاواڵەدا مۆحسێن مەخمەڵباف بۆی دەنووسێت:
تاجزادەی خۆشەویست، بەڕێزت ترسی بە سووریەیی و بە ئەفغانستانی بوونی ئێران دەخەیتە ناو دڵی خەڵک و داوا لە خەڵک دەکەی تا بەردەوام بن لە پشتگیری کردن و یارمەتیدانی بەرەی ئیسڵاحتەڵەبی لە ئێران، پێت وایە خەڵکی ئێران لە نێوان سووریەیی یا ئەفغانستانی بوونی ئێران یان بەردەوامی رەوتی ئیسڵاحاتی بێ سوود، کە هیچ ئاکامێکی جگە لە بەشداری لە هەڵبژاردنە مووهەندسی کراوەکانی خامنەئی نییە، رێگایەکی دیکەیان لەبەردەمدا نییە؟

ئێوە وەها بیرۆکەیەکتان لە ئیسڵاحات لای خۆتان دروست کردووە کە پێم وایە ئەگەر لە سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانیش بوایە هێرشی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ سەر هیتلێرتان مەحکوم دەکرد و داوات دەکرد تا هیتلێر لە رێگای ئیسڵاحات و چاکسازی لە سەر رێگا لا ببەن.

بەداخێکی گرانەوە ئەوە خەڵک نین کە چۆنیەتی خەبات لەگەل دیکتاتۆریک هەڵدەبژێرن، بەڵکوو ئەوە دیکتاتۆرەکانن کە خەڵک و هەموو جیهان ناچار بە موبارزەیەکی سەخت و یەکلاکەرەوە دەکەن.

هەروەها مەخمەڵباف لەهەمبەر لێکدانەوەکانی تاجزادە بۆ سووریە و ئەفغانستان و توونس دەنووسێت: ئەگەر ئێوە لەسەر ئەو ڕایەن کە ئەفغانستان پاش هێرشی وڵاتانی ئامریکایی و ئۆرووپایی بۆ ئەو وڵاتە بە هیچ شوێنێک نەگەیشتووە، ئەدی چۆن بوو لە سەردەمی دەسەڵاتی خاتەمی، رێژیمی ئێران هاوکاری ئەو هێرشەی بۆ سەر ئەفغانستان کرد و بۆچی ئیسڵاحتەڵەبان ئەودەمی ناڕەزایەتی خۆیان لە هێرش بۆ سەر تاڵیبان دەرنەبڕی، تەنانەت بەشێک لە فەرماندەرانی سپای پاسدارانی ناردە واشینگتۆن تا لەگەڵ پێنتاگۆن گەڵاڵەی هێرشی زەوینی بۆ سەر ئەفغانستان دابڕێژن و پاش تاڵیبانیش بە تەواوەتی هاوکاری دەوڵەتی تازە دامەزراوی ئەفغانستانیشیان کرد.

ئایا ژیان لە ئەفغانستانی ئەمڕۆ کە بەشێکی لە ژێر زۆڵمی تاڵیبان ئازاد کراوە باشترە یان پێتان وایە دەکرا لە ڕێگای ئیسڵاحات ئاڵوگۆڕ لە تاڵیباندا پێک بێت.

مستەفای بەڕێز، خۆدی رێبەری کۆماری ئیسلامی و پوتین بەرپرسی سەرەکی و ڕاستەوخۆی ئەو هەموو کووشتار و قەیرانانەی سووریەن، ئەگەر یەکەمجار کە خەڵک بە شێوەی ئاشتیانە هاتنە سەر شەقام، ئەسەد بە پشتگیری ئێران خەڵکی نەدابایە بەر تۆپ و گولە، ئەگەر خامنەیی پشتگیری ئەسەدی ئەکردبا، ئێستا دۆخی سووریە زۆر جیاوازتر بوو، ئێمە خەڵکی ئێران هەموومان لەهەمبەردۆخی سووریە خەتابارین و شەرمەزاری خەڵکی سووریەین و دەبێ رۆژێک وڵامدەر بین کە بۆچی لەبەرانبەر ئەو هەموو جینایەتانەی ڕێژیمی ئێران لە سووریە بێدەنگ بووین.

ئەمڕۆ رێژیمی سووریە بە پشتیوانی رێژیمی ئێران خەڵکەکەی خۆی دەکوژێت و کیمیایی دەڕژێنی بەسەریاندا، لە بەرانبەردا کەسانێک وەکوو جەنابت بێدەنگن و تەنیا خەریکی ترساندنی خەڵکی ئێران لەو دۆخەن و بە خەڵک دەڵێی بۆ ئەوەی ئێران تووشی وەها داهاتوویەک نەبێت پێویستە لەسەر رەوتی ئیسڵاحتەڵەبی و پشتگیری ئێوە بەردەوام بن.

بەڵام سەبارەت بە توونس: بەپێچەوانەی خوێندنەوەی جەنابت کە سەرکەوتنی شۆڕشی توونس بە هاوکاری و سازشی ئیسلامگەراکان دەزانی، سەرکەوتنی دێموکراسی لەو وڵاتە پاشخانی ئەو دەسکەوتانە بوون کە رێژیمی پێشوو بە خەڵکەکەی خۆی دابوو.

کە لەو پێوەندیەدا دەتوانین چەند نموونە باس بکەین: یەکەم، بەرپرسانی پێشوو، بێهداشت و سڵامەتییەکی باشیان بۆ هەموو خەڵکی توونس بە بێ جیاوازی دابین کردبوو، دووهەم، دوو زمانە بوونی ئەو وڵاتە و ئاخاوتن و ئاشنایی بە زمانی فەرانسە لە توونس بۆ هەموو خەڵک و سێهەم، ئازاد بوونی ژنانی توونس و بەشداری چالاکانەیان لە کۆمەڵگە و سیاسەتی وڵاتەکەیان.

ئەو پاشخانانە هۆکاری ئەوە بوون کە خەڵکی راپەڕیوی تونس زۆرداری و ئەمر و نەهیی ئیسلامییەکان بە سەر خۆیان قەبووڵ نەکەن.

تاجزادە لە کۆتایی نامەیەکەیدا دەڵێ: ئەو بەڵایەی کە شا بەسەر خەڵکی ئێرانی هێنا، تەنیا زوڵم و خەفەقانی خۆی نەبوو، بەڵکوو سەپاندنی دەیان هەزار ئاخوند بوو کە بڕیار بوو ببنە سپا و قەڵغان لە بەرانبەر نفووزی کۆمۆنیست لە جەریانی شەڕی سارددا، بەداخەوە لە نەبوونی ئەحزابی سیاسی لە ئێران، بە دژی شا رێکخستنیان کرد و شایان دەرپەڕاند و ئێران و خەڵکی ئێرانیان ئەسیری خۆیان کرد.