کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان ماڵئاوایی لە ژیان کرد

14:08 - 28 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: دایکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە شاری شنۆ کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، دایە زارا محەممەدپوور کچی کوێخا حوسێن خەڵکی گوندی شاوانێ سەر بە شاری شنۆ لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

دایە زارا دایکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ناوەکانی شەهید ڕەحمان محەممەدیان و محەممەد محەممەدیان بوو.
تەرمی دایە زارا لە نێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکە بە خاک سپێردرا.

شەهید ڕەحمان محەممەدیان ٢٤ی بانەمەڕی ١٣٦٢ی هەتاوی، لە شەڕی دژی داگیرکەرانی کوردستان لە گوندی کێلەسیپان سەر بە شاری پیرانشار تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو و تەرمی پیرۆزی لە گوندی گردەبن\'\' بە خاکی پێرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

هەروەها شەهید محەممەد محەممەدیان ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی، لە گوندی شاوانێ لەدایک بوو، شەهید محەممەد ڕێکەوتی ١١ی گەلاوێژی ١٣٥٩ی هەتاوی، لە لایەن ڕێژیمی کۆنەپەرستی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و دواتر لە پارێزگای تەورێز لە زیندانەکانی ڕێژیم ئێعدام کرا و گڵکۆی ناوبراو هەر لە شاری تەورێزە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.