کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فیگارۆ: ئێران، ئاگربڕێک لەسەر بەرمیلی بارووت

14:09 - 28 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ڕۆژنامەی فیگارۆی فەڕانسە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە دۆخی نائاسایی و هەڵایساوی کۆمەڵگەی ئێران کردووە و پێشبینی دەکات کە لە داهاتوویەکی نیزیکدا ئێران تووشی تەقینەوەیەکی بەهێز دەبێت.

لەم ڕاپۆرتەدا کە لەژێر ناوی ئێران، ئاگربڕێک لە سەر بەرمیلی بارووت بڵاو کراوەتەوە، باس لە ئێعتراز و خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی مانگی بەفرانباری ئەمساڵ لە ئێران کراوە و تێیدا وێڕای ئاماژەدان بە هۆکارەکانی ئەم سەرهەڵدانە پێشبینی دەکات کە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان دانامرکێتەوە.

نووسەری ئەم ڕاپۆرتە، ڕەن هاڵێڤی کە ئەندامی ناوەندیی نیشتمانی لێکۆڵینەوە زانستییەکانی فەڕانسەیە نووسیویەتی: لە ڕۆژانی ڕابردوودا خۆپیشاندان دژ بە ڕێژیمی ئێران لە زیاتر لە ٩٠ شاری ئەم وڵاتە هاتە ئاراوە کە تێیدا دەیان هەزار کەس بەشدار بوون.

ناوبراو دەنووسێ: هەرچەند کە واوێدەچێ لە ئێستادا ناڕەزایەتییەکان هێور بوونەتەوە، بەڵام ئەمە بەمانای چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک نییە کە بوونە هۆی سەرهەڵدانەکە؛ ئەنجامدەرانی ئەم سەرهەڵدانە خەڵکی بێبەش‌کراو لە ئێرانن کە لەمەودوا بەردەوام دژ بە ڕێژیم دەوەستنەوە.

بە وتەی ڕەن هاڵێڤی ئەم ناڕەزایەتییانە بەرهەمی وڵاتێکن کە زۆرینەی حەشیمەتی ٨٠ میلیۆنییەکەی لاوانی ژێر ٣٠ ساڵن؛ وڵاتێک کە ٤٨ میلیۆن لە حەشیمەتەکەی خاوەنی مۆبایلی زیرەکن و ٤٠ میلیۆن کەسیان کەڵک لە تێلێگرام وەردەگرن.

نووسەری بابەتەکە لە درێژەدا دەنووسێ ئەم کەسانە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک تێلێگرام ئاگاداری هەموو پرسەکانی کۆمەڵگەکەیان دەبنەوە و ناتوانن لە بەرامبەریاندا بێهەڵوێست و بێدەنگ بن؛ ئەوان دەزانن کە ڕێژیمەکەیان بودجەی کەڵان بۆ سپای پاسداران و شەڕ لە وڵاتانی دیکە سەرف دەکات و خۆشیان برسین.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران ئێستا دەزانن کە سامانی وڵاتەکەیان سەرفی خۆشبژێویی سەرکردەکانی ڕێژیم دەکرێت کە بەناوی دینەوە هەڵیدەلووشن، بۆیە دەتوانین بڵێین ئێعترازەکانی سەر شەقام، بناغە و ڕەواییەکانی ڕێژیمی تارانی خستووەتە لەرزین؛ بەم پێیەش دەتوانین بێژین ڕێژیمێک کە ڕەواییەکەی بەمشێوەیە چووبێتە ژێر پرسیارەوە ناتوانێ زۆر دەوام بێنێ.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەشدا هاتووە: پارادۆکسە بونیادییەکانی نێوان کۆمەڵگەی ئێران و ڕێژیمی زاڵ ئەوەندە زۆرن کە بە سەرکووتی خەڵک ناتوانێ کۆتاییان پێ بێت؛ بۆیە دەتوانین بڵێین هێمنی ڕواڵەتی ئێستای ئێران ئاگربڕێکە لەسەر بەرمیلی بارووت.