کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندان و نارەزایەتیی لە شارەكانی ئێران بەردەوامە

14:46 - 28 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: بەپێچەوانەی ئیددعاکانی ڕێژیم لەهەمبەر کۆتایی هێنان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان، شەوی ڕابردووش لە چەند شاری ئێران خەلک ڕژانە سەر شەقامەکان و لەدژی ڕێژیم درووشمیان دا.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، دوێنێ شەو لە شارەكانی ئامۆل، رەشت، ئەراك، تەورێز و مەشهەد خۆپیشاندان لە دژی رێژیم بەردەوام بوو و خۆپیشاندەران بە دانی دروشمی مەرگ و نەمان بۆ دیكتاتۆر، سەرکەوێ ئازادی، مەترسن مەترسن ئێمە هەموومان پێكەوین دروشمیان لە دژی رێژیمی كۆماری سێدارە دا و لە شاری تەورێزیش وێنەی خومەینی بنیاتنەری رێژیمی ئێرانیان شێواند.

ئەم خۆپیشاندانانە لە كاتێكدا ئەنجام دەدرێت كە چەند رۆژ پێش ئێستا بەرپرسانی رێژیمی ئێران رایانگەیاندبوو توانیویانە نارەزایەتی و خۆپیشاندانەكان کۆنترۆڵ بکەن و كۆتاییان پێ بێنن.

لە ئەنجامی ئەو خوپیشاندانانەی كە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە شارە جیاجیاكانی ئێران لەدژی رێژیم ئەنجام دراوە و بەپێی ئامارەكانی خودی رێژیم، نزیكەی چوار هەزار كەس گیراون کە تا ئێستا چەندین كەسیان لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانیان لەدەست داوە و چارەنووسی هەزاران كەسی دیكەش نادیارە.