کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێلرسۆن: ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی ستراتیژیکە و دەبێت پێش له تەشەنەسەندنی بگیردرێت

15:25 - 28 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ڕێژیمی ئێرانی به هەڕەشەی ستراتیژیکی بۆ سەر ئامریکا زانیوە و لەسەر پێشگرتن بەو ڕێژیمە جەختی کردووەتەوە.

ڕێکس تێلرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، له دانیشتنی دامەزراوەی هووری زانکۆی ستنانفۆردی کالیفۆرنیا لەژێر ناوی ڕێگەکانی بەردەم ئامریکا له سووریە وتوویەتی: هەڕەشه ستراتیژیکییەکان بۆ سەر ئامریکا بەردەوامن و لەو هەڕەشانه ئاماژەی به ڕێژیمی ئێران کردووە.

لە باسەکەیدا ئاماژەی به دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران له سووریە کردووە، که ڕۆژ به ڕۆژ ڕووی لە زیادکردنە و سپای پاسدارانی لەو وڵاتە جێگر کردووە و باسی لە پاڵپشتییەکانی ئەو ڕێژیمە له گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵا و دەستێوەردانەکانی له عیراق، ئەفغانستان و پاکستان کردووە.

ڕێکس تێلرسۆن لەسەر سووریە وتوویەتی: که خەڵکی ئەو وڵاتە نزیک به ٥٠ ساڵه لە ژێر ستەمی بنەماڵەی ئەسەد دان و ڕێژیمێکی وەها به پاڵپشتیی ڕێژیمی ئێران زۆر مەترسیدارتر دەبێت و لەسەر سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە، که ئەو ڕێژیمە دەیەوێت له ڕێگەی سووریەوە زیان به بەرژەوەندییەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی بگەینێت و تەنیا ڕێگە بۆ کۆتایی هاتن به کێشەکانی سووریە، کۆتایی بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەیە.