کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

له ئێران بوودجەی مەزهەبی لە سەرەوەی ژینگە و پەروەردەیە

15:49 - 28 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بوودجە بۆ بەرنامە و سیاسەتە مەزهەبییەکانی چەند قات زیاتر لە بوودجەی پێویست بۆ ژینگە و پەروەردە دیاری دەکات.

ماوەیەک پێش کازم سدیقی، پێشنوێژی هەینی تاران، ڕەخنەی گرتبوو که بوودجەی دیاریکراو بۆ دامەزراوە مەزهەبییەکان و حەوزەکانی علمیە کەمن؛ لە لایەکی دیکەشەوە سادق زیباکەلام له وڵامدانەوە بەو قسانەیە، که زۆرجار له کەمی بوودجەی پەروەرده ڕەخنەی هەبوو، نامەیەک بۆ کازمی سدیقی دەنووسێ و لەو نامەیەدا، بوودجەی مەزهەبی و بوودجەی پەروەردە پێکەوە بەراورد دەکات.

زیباکەلام له نامەکەیدا نووسیویەتی: دامەزراوە مەزهەبییەکان کە زیاتر له چل دامەزراوەن، له لایەن دوەڵەت و مەجلیس و بەرپرسانی ڕێژیمەوە لەسەر ئەو بوودجەیەی کە بۆ ئە دامەزراوانە تەرخان کراوە، لێپرسینەوە ناکرێت و بەبێ ئەوەی وڵامدەر بن و چاوەدێریان لەسەر هەبێت، میلیاردها تمەن وەردەگرن.

لەو نامەیەدا، زیباکەلام ڕوونی کردووە، که بوودجەی زانکۆی فێردۆسیی مەشهەد ٣٢٠ میلیارد تمەن، زانکۆی تەورێز٢٥٠ میلیارد تمەن، ئەمیرکەبیر ٢٥٠ میلیارد تمەن، زانکۆی ئەهواز ٢٠٠ میلیارد تمەن و زانکۆی ئەهواز ١٧٠ میلیارد تمەن و ڕێکخراوی ژینگەپارێزیش ٣٠٠ میلیارد تمەن، بوودجەیان بۆ دیاری کراوە.

له حاڵێکدا، زۆرتر له چل دامەزراوەی مەزهەبی له ئێراندا هەن، که بەگشتی ٨٠٠٠ میلیارد تمەن بوودجەیان وەرگرتووە و چەند نموونەشی هێناوە وەکوو: حەوزەکانی علمیە ٨٠٠ میلیارد تمەن، شۆرای بەرزی حەوزەکانی علمیە ٤٠٠ میلیارد تمەن، بوودجەی کولتوری بەسیج ١١٥٠ میلیارد تمەن و ڕێکخراوی تەبلیغاتی ئیسلامی ٣٨٠ میلیارد تمەنە.

زیباکەلام لە نامەکەی خۆیدا، بۆ پێشنوێژی تاران، نووسیویەتی: خۆزگە ڕاپرسی له خەڵکی ئێران بکرایە، هەتاکوو بزانین خەڵکی ئێران پێیان خۆشە که بوودجەی کاروباری دینی ٢٧ قات زیاتر لە بوودجەی ژینگەپارێزی بێت، ئەو ٣٠٠ میلیارد تمەنیشە لە پڕوپاگاندەی ئیدئۆلۆژیکی دینیی حکوومەتی بەکار دەبەن.

بەرپرسانی ڕێکخراوە و ئیدارەکانی ڕێژیم، لەم ماوەیەدا زۆرجار لەو کاتەی که بوودجەی ساڵی داهاتووی ئێران دیاری کراوە، دەستیان به هێنانی ئاماری سەرسوورهێنەر له دابەشکردنی نادادپەروەری بوودجە کردووە، که لە سەرەوەی هەموویان تەرخان کردنی بوودجه بۆ بەشی نیزامی و کاروباری دینییە و کێشە و ململانێکی زۆری خستووەتە نێو بەرپرسانی ڕێژیم و دەستیان کردووە به ڕوون کردنی ئامارگەلێک که تا ئێستە له خەڵکی ئێران شاردراوەتەوە، ئەمەیش ناڕەزایەتیی خەڵکی بە دوای خۆی هێناوە.