کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتی دژ بە ڕێژیم کۆتایی نییە

14:48 - 29 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانەکان دژ بە ڕێژیم چوونەتە فازێکی نوێ و خەڵکی ناڕازی، شەوانە دەڕژێنە سەر شەقام و لەدژی ڕێژیم درووشم دەدەن.

دوایین گرتە ڤیدیۆیی و هەواڵە پێوەندیدارەکان بە پرسی خۆپیشاندانەکان بەدژی ڕێژیم، دەریدەخات کە پاش ڕەشبگیری و سەرکووت کردنی ناڕازییان لەلایەن چەکدارانی کۆماری ئیسلامی، خەڵکی ناڕازی نیوەشەوان کەڵک لە نەبوونی هێزە ئیتلاعاتییەکان وەردەگرن و دەڕژێنە سەر شەقام.

ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی ڕێژیم لە سیاسەتی میلیتاریزە کردنی شارەکان؛ بەپێی دوایین گرتە ڤیدیوییەکان چەکدارانی سەر بە ئیتلاعات و سپا لە ڕێگەی لیباس شەخسی و باتۆم بەدەستەکانییەوە هەوڵی ترساندنی خەڵک دەدەن و ڕۆژانە لە نێو شەقامە سەرەکییەکانی شارەکاندا دەسووڕێنەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، ئێعتراز و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و کارمەندان، لە چەندین شوێنی ئێران لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەردەوام بووە؛ کارمەندانی کۆمپانیای ڕاگواستنە نێونەتەوەییەکانی کەنداو لە تاران و شۆفیرانی کشت و سەنعەتی ئاستان لە مەشهەد و شۆفێرانی تاکسی لە شارەکانی ڕێزوانشەهر، شاریکورد و ئەهواز سەبارەت بە وەدواکەوتنی مووچەی مانگانەیان و دۆخی شپرزەی ژیانیان، دەستیان دایە مانگرتن.

ئەم ڕێپێوان و مانگرتنانە لە کاتێکدا ئەنجام دران کە لە مەجلیسی ڕێژیمیشدا هۆشداری دراوەتە دەوڵەت کە ئێمە هەتاهەتایە کاتمان بەدەستەوە نییە و ئەگەر زوو بە زوو چارەسەرێکی لۆژیکیانە بۆ داخوازەکانی خەڵک نەبینینەوە، ڕوون نییە چیمان لێ بەسەر دێت.

تکاکارییەکانی مەجلیس لە دەوڵەت بۆ چارەسەر و کۆنتڕۆڵی دۆخی هەڵایساوی ئێران لە کاتێکدایە کە وەزارەتی ئیتلاعات و و ناوەندە داپڵۆسێنەرەکانی دیکەی ڕێژیم بەردەوامن لە جینایەت خوڵقاندن و ڕۆژ نییە کە لە یەکێک لە گرتنگەکان، تەرمی هاووڵاتییەکی ئەشکەنجەکراو نەهێنرێتە دەرەوە.

تەنیا لە یەک حەوتووی ڕابردوودا ٤ هاووڵاتی کورد بە ناوەکانی سارۆ قارەمانی، حسەین قادری، کیانووش زەندی و ئارام مەعازی پاش گیران لەلایەن چەکدارانی ڕێژیم تەرمەکانیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا.