کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تورکیە بووەتە هەڕەشە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا

15:13 - 29 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیە ڕایگەیاندووە: بە هاوئاهەنگی ئێران و ڕووسیە هێرش دەکەینە سەر ناوچە کوردنشینەکانی سووریە.

مەولوود چاوش ئۆغلوو، وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە وتووێژێكدا لەگەڵ کاناڵی (سی.ئین.ئین)ی تورکیە، هەڕەشەی هێرش بردنە سەر ناوچە کوردنشینەکانی سووریەی کردووە و وتوویە: ئێمە ئەو هێرشە بە هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێران و ڕووسیە ئەنجام دەدەین.

هەواڵی پشتگیری ئامریکا لە کوردەکانی سووریە بووەتە هۆی تووڕە بوونی توورکیە و بەو هۆیەوە هەڕەشەی سەربازیی بۆ سەر ناوچانە کوردنشینەکانی کردووە.

پاش ئەوەی کە هاوپەیمانەتی دژ بە داعش بە سەرپەرەستیی ئامریکا ڕایگەیاندبوو، هێزێکی سنوورپارێزی ٣٠ هەزار کەسی لە نێوان سنوورەکانی سووریە و تورکیەدا بە هاوکاریی کوردەکان دروست دەکات، تورکیە دژایەتی خۆی ڕاگەیاندووە و هەڕەشەی هێرش بۆ سەر ئەو ناوچانە کردووە.

سپای ئەو وڵاتە ڕۆژی دووشەممەی ئەم حەوتوویە، ناوچەکانی عەفرین و منبجی کردووەتە ئامانجی تۆپخانەکانی خۆی و هەڕەشەی هێرشی سەرانسەری کردووە، بەڵام لە لایەن ئامریکا و ڕووسیە و سووریەوە ئاگادار کراوەتەوە، کە لە هەر جۆرە هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ئەو ناوچانە خۆ بپارێزێت.

سووریە پاش قسەکانی چاوش ئۆغلوو، وە دەنگ هات و ڕایگەیاندووە، کە بە جیدی بەرپەرچی هەر هێرشێکی سپای تورکیە دەدەینەوە و هەر فڕۆکەیەکی تورکیە سنووری ئاسمانی سووریە ببەزێنێت بە مووشەکی پەدافەند لێی دەدەین.

ڕێکس تێلرسۆن، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا دوێنێ پێنجشەممە، ڕایگەیاندووە: کە ئامریکا هیچ گەڵاڵەیەکی بۆ دامەزراندنی هێزی سنووری لەو ناوچانە نییە و ئەوەی کە بووەتە هۆکاری تووڕەیی تورکیە تەنیا بەهەڵە تێگەیشتنێکە.