کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستاندا، ٢ میلیارد دۆلار خەساری بەرکەوتووە

15:42 - 29 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: گەڵاڵە ئەمنیەتییەکانی سپای پاسداران بۆ باشوری کوردستان، خەساری ٢ میلیارد دۆلاری بۆ ڕێژیم بەدوای خۆیدا هێنا.

دوابەدوای بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە باشوری کوردستان، دەوڵەتی ناوەندیی عێراق بە هاوکاری هەر کام لە وڵاتانی ئێران و تورکیە، لەدژی گەلی کورد یەکیان گرت و ئابلۆقەیان خستە سەر هەرێمی کوردستان.

داخستنی دوو فڕۆکەخانەی سەرەکی، داخستنی جاددەکان و خاڵە گۆمرۆکییەکان بۆ پێشگرتن لە ڕاگواستنی نەوت و هاوردەکردنی کەلوپەل، جێگیرکردنی تۆپخانە و هێزی سەربازی لە سەر سنوورەکان و لە کۆتاییشدا دنەدانی حەشدی شەعبی بۆ تێکهەڵچوون لەگەڵ پێشمەرگەی کوردستان، بەشێک بوون لەو پیلانەی کە سێ دەوڵەتی ئاماژەبۆکراو لەسەری ڕێککەوتن.

لەمبارەوە ڕۆژنامەی تجارت لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: ئەو کارەی کە ئێران کردی زەبرێکی قورسی لە ئابووریی ئێران وەشاند و کاریگەری نەرێنی بەرچاوی هەبوو؛ هەروەها جێگریی سەرۆکی ژووری بازرگانی ورمێ، عەلی دیلمەقانیان وتوویەتی: بەهۆی ئەو بڕیارە سیاسییەوە زیاتر لە ٢ میلیارد دۆلار لە بازاڕی هەناردەمان لە کیس چوو، لە حاڵێکدا کە هەر لەم ماوەیەدا ئاستی هەناردەی تورکیە بۆ هەرێمی کوردستان، ١٢٠% زیادی کرد!

بەوتەی ناوبراو ئەوەیکە ڕووی دا لە بواری ئابووریدا، کڵاولەسەرنانێکی ماقووڵانە بوو کە تورکیە خستییە سەر ئێران و عێراق! دیلمەقانیان وتوویشیەتی: ئێمە لە ساڵی ٢٠١٢ تاکوو ٢٠١٧ هەوڵێکی زۆرمان دا تاکوو بتوانین لە بازاڕی کوردستاندا جێ‌پێی خۆمان بکەینەوە بەڵام لە چاوترووکاندنێکدا بەهۆی بڕیارێکی هەڵەی سیاسی هەر چییەکمان ڕست بووە خوری!

بەپێی هەندێک هەواڵی پێوەندیداریش، سەرەکیترین دامەزراوە بۆ بەڕێوەبردنی گەمارۆی ئابووریی لەسەر هەرێمی کوردستان بریتی بووە لە سپای پاسدارانی ڕێژیم و پلانداڕێژی سەرەکیش، پاسداری تێرۆریست باقری فەرماندەی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکان بووە.