کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی تۆپخانەکانی تورکیە بۆ سەر بنکەکانی یەپەگە لە عەفرین

15:18 - 30 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: سپای تورکیە بنکە و بارەگاکانی یەپەگە (یەکینەکانی پاراستنی گەل)ی لە شاری عەفرینی تۆپباران کرد.

ڕۆژی هەینی ٢٩ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، هێزەکانی تورکیە، جێگیر لە شارەکانی حەسە و قیرق خان لە پارێزگای خەتای، هێرشی تۆپخانەیان بۆ سەر بنکە و بارگاکانی یەپەگە لە شاری عەفرین دەست پێ کردووە.

نوورەدین جانیکلی، وەزیری بەرگری تورکیە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی هەواڵدەریی ئا. خەبەر ڕایگەیاند، بەپێی وتەکانی ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیە، ئۆپراسیۆنی عەفرین ئەنجام دەدرێت.

ئەردۆغان، پێشتر هۆشداری دابوو، کە هەردەم ئەگەری ئەوە هەیە، کە سپای تورکیە بۆ سەر عەفرین، منبەج و ڕۆژهەڵاتی فورات هێرش بکات، کە لە ژێر کونتڕۆڵی یەکینەکانی پاراستنی گەلـە و لە لایەن ئامریکاوە پشتیوانی دەکرێن.

تورکیە لە حاڵێکدا یەپەگە وەکوو گرووپێکی تێرۆریستی لە قەڵەم دەدات، کە لە لایەن ئامریکاوە بە هۆی شەڕ بە دژی داعشەوە پشتیوانی ماڵی و سیاسی دەکرێت و لە بوودجەی ئەمساڵی وڵاتی ئامریکادا نزیک بە ٤٠٠ میلیۆن دۆلار بۆ پشتیوانی لەو حیزبە دیاری کراوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە دژکردەوەی بەرانبەر بە تورکیە، رایگەیاندووە، هۆکاری هەبوونی ئامریکا لە سووریە لەنێوبردنی داعشە و تورکیەش کە یەکێک لە هاوپەیمانە گرنگەکانی ناتۆیە، دەبێت بەرنامەکانی لەسەر شەڕ لەگەڵ داعش چڕ بکاتەوە.

ئەم هێرشەی سپای تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ناڕەزایەتیی کوردەکانی ڕۆژئاوای بە دواوە بووە و بە هەزاران کەس بە ئەنجام دانی خۆپیشاندان لە شارە کوردنشینەکانی سووریە، ڕایانگەیاندووە، کە لە هەمبەر ئەم هێرش و سەرەڕۆییەی تورکیە شەڕی بەرگریی دەکەن.