کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاسان و گۆڕان

22:06 - 30 بەفرانبار 2717

کەریم پەرویزی

قۆناخی ڕاسان، یان لێکگرێدانی خەباتی شاخ و شار، سەرەڕای رەگە مێژووییەکانی، جۆرێک ئەزموونی نوێیە کە دووبارە پێوەندییەکانی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگایەکی خەباتکار و مافخواز دادەڕێژێتەوە و ئەرکەکان دووبارە دابەش دەکاتەوە. لەم قۆناخەدا روانگەکان بەرفراوانتر و ئەرکەکان دووبارە پێناسە دەکرێنەوە و کۆمەڵگە بە هەموو لایەن و چین و توێژەکانیەوە، رۆڵ و ئەرک و ماف و هیواکانیان پێناسە دەکرێنەوە و رێک دەخرێنەوە.

شتێکی زۆر ئاسایی و سروشتی دێتە بەرچاو کە لە قۆناخی نوێی خەباتدا و لە ئاڵوگۆڕی سیاسی لە ئێران وکوردستان و ناوچەدا و لە ئاڵوگۆڕ لە بنەماکانی کۆمەڵگای کوردستاندا، هەر گرووپ و لایەن و بەتایبەت حیزبی سیاسی کە خۆی بە ئەرکداری خەباتی نەتەوەیی و دێموکراتیک دەزانێ، سیاسەت و بەرنامە و روانگە و ئەرکەکانی خۆی و رێکخستنەکانی و هەروەها شێوازی داڕشتن و پێکهاتەی خۆی و سیستمی کارکردنی هەموو ئۆرگانیزاسیۆنەکان بخاتەوە بەر لێوردبوونەوە و خوێندنەوەی هەنووکەیی و ئەمڕۆییان بۆ بکا و لە پێناوی دەسنیشانکردنی کەموکووڕییەکانی و هەڵسەنگاندنی خۆی و هێزی مرۆیی و کۆمەڵایەتی و سیاسییدا دەست بە لێکۆڵینەوە و بیرکردنەوە و دووبارە رێکخستنەوەی خۆی بکا و لەو پێناوەدا ئەرکە نوێکان بۆ خۆی دیاری بکات و گەر پێویستی کرد دەست وەربداتە سەرتاپای داڕشتنەوەی هێز و پێکهاتە و پۆتانسیەلی خۆی.

رەنگە بۆ زۆر کەس ئەوە بە شتێکی دەروون حیزبی بێتە بەرچاو کە حیزبێک سیستمی دەروونیی خۆی دەسکاری دەکا و بەلایانەوە گرنگ نەبێ کە ئەم حیزبە چۆن داڕێژراوە، بەڵام کاتێک چاو لە حیزبایەتی و دەوری حیزب لە رێکخستنی کۆمەڵگادا دەکەین و دەبینین کە هەر حیزبێک دەیهەوێ ئەو مێتۆدەی کاری پێدەکا بیگوازێتەوە بۆ نێو کۆمەڵگە و لەڕاستیدا دەیهەوێ خۆی بکا بە ئۆلگوو بۆ تاک و گرووپەکانی کۆمەڵگە، ئەو کات بابەتەکە دەبێ بە بابەتێکی گشتی و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دەبێ؛ گەر ئەو حیزبە، حیزبێکی وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بێت کە هەر جۆرە جووڵەیەکی و جووڵەنەکردنێکی دەنگدانەوەیەکی گرنگی لە سەر ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستان دەبێ، بابەتەکە هەستیارتر دەبێ.
قۆناخی ڕاسان، قۆناخێکە پێویست بە نوێبوونەوە و دووبارە تێفکرینەوە لە هەموو رابردوو و کار و تێکۆشان و خەون و رۆئیاکان و شێوازی هەنگاونان بەرەو ئاوات و ئارمانەکان دەکا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش وەک هەر حیزبێکی دیکە، لە قۆناخی نوێدا پێویستی بە هزری نوێ و هێزی نوێ و رۆئیای دووبارە پێناسەکراو و سیستمی کاری نوێ هەیە.

بەو راستیانەوەیە کە زیاتر لە دووساڵە باس و دیالۆگی دووبارە خۆرێکخستنەوە و روانگە داڕشتنەوە لە رێبەرایەتی و سەرتاپای ئۆرگانەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا کراوە و دیالۆگێکی هەمەلایەن بە لاوازی و بەهێزیی خۆیەوە لە نێو حیزبدا کراوە و تەنانەت خراوەتە بەر دیدی کۆمەڵگاش و دوای ئەو ماوە زۆرە، دیدی هاوبەش، بە تێکڕای دەنگ و بە رێککەوتن لە ئاستی بەرزی رێبەرایەتیی حیزبدا پێکهاتوە و کراوە بە پەسندکراوێک بۆ پێشکەش کردن بە کۆنگرە، بەرزترین ئۆرگانی بڕیاردەر لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا تاکوو زیاتر لە پێشوو لەگەڵ گوتاری ڕاسان و لێکگرێدانی خەباتی شار و شاخدا یەک بگرێتەوە و ئەرکی مێژوویی راپەڕێنێ.