کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پێنج حیزب و لایەنی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات

22:14 - 30 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: پێنج حیزب و لایەنی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە بارەگای ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە زڕگوێز کۆ بوونەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، کۆبوونەوەی پێنج حیزب و لایەنی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە بارەگای ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە زڕگوێز بەڕێوە چوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا، حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، باسیان لەسەر بارودۆخی هەنووکەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و درێژەدان بە سەرکوت و ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان و پێویستی هەرچی زیاتر لێک نزیکبوونەوەی حیزب و لایەکان بەتایبەتی پێداگریان لەسەر هاوکاری و هەماهەنگی بۆ نێوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە بواری پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان و چالاکانی مەدەنی، لەقاودانی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیدا، کرد.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، باس لەوه کرا، کە لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان، زیاتر گوشار بخرێتە سەر کۆماری ئیسلامی، بۆ ئەوەی گوشار لە سەر چالاکانی مەدەنی کەم بکرێتەوە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، ناوەندێک بۆ هاوکاریی حیزبە کوردییەکان بۆ کار و تێکۆشانی داهاتووو پێک هات، هەروەها کۆبوونەوە و هەماهەنگی لە نێوان هەموو هێز و لایەنەکان لەسەر پرنسیپه ئەسڵییەکان بۆ هاوکاری بە مەبەستی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و بونیاتنانی سیستمێکی دێموکراتیک لە ئێران بە مەرجی دابین بوونی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد، بەڕێوە دەچێت.

پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەی پێنج لایەن و حیزبەکان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، دید و بۆچوون و مەبەستی ئەو ناوەندە بۆ کاناڵەکانی ڕاگەیاندن شی کرایەوە.

جێگەی ئاماژەیە، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرستیی محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوون.