کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هامبوورگ و هانۆڤێر ڕێپێوانی پشتیوانی لە ڕاپەرینی گەلانی ئێران ئەنجام درا

14:31 - 1 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: لە درێژەی ڕێپێوانەکان بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، لە دوو شاری هامبوورگ و هانۆڤێری ئاڵمان ڕێپێوانی جەماوەری ئەنجام درا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە درێژەی ڕێپێوانەکان لە دەرەوەی وڵات، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان بە هاوکاری چەند ڕێکخراوێکی ئێرانی و کوردستانی لە شارەکانی هامبوورگ و هانۆڤێری وڵاتی ئاڵمان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بە مەبەستی پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بەڕێوە برد.

بەشداربووان لە هەردوو خۆپیشاندانەکەدا پشتیوانی خۆیان لە خواستی گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران بۆ ڕووخانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و هێنانە سەرکاری حکوومەتێکی دێموکرات و ئازاد دەربڕی.

ڕەفتاری نامرۆڤانەی ڕێژیمی تێرۆریستی ئیسلامی ئێران لەگەڵ خۆپیشاندەران و ئەشکەنجەدان و کوشتنی بەندکراوان لە ئێران و کوردستان، جەوهەری سەرەکی هەر دوو کۆبوونەوەکە بوو کە لەودا پەردە لەسەر جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵدرایەوە و هەوڵی تێگەیاندنی ڕای گشتیی ئاڵمان درا.

پێشتریش لە شارەکانی شتووتگارت، هانۆڤێر، هامبورگ، نۆرنبێرگ و کۆڵن خۆپیشاندانی پشتیوانی لە ڕاپەرینی گەلانی ئێران بەرێوەچووە و لە داهاتووشدا درێژەی دەبێ.