کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەشناڵ ئینترێست: ٢٠١٨ چارەنووسی ئێران دیاری دەکرێت

15:48 - 1 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بڵاڤۆکی بەناوبانگی نەشناڵ ئینترێستی ئامریکایی لە ڕاپۆرتێکدا ئاوڕی داوەتەوە لە بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی ڕێژیمی ئێران و ساڵی ٢٠١٨ی زایینی بە ساڵێکی چارەنووسساز بۆ ئێران لەقەڵەم داوە.

ئەم ڕاپۆرتە کە بە قەڵەمی ڕەیمۆند تەنتێر سەرۆکی پێشووی کۆمیتەی تاوتوێ کردنی سیاسەتی ئێران لە ئامریکا و لێکۆڵەری باڵای ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە شۆرای ئەمنیەتی نیشتمانی ئامریکا و هەروەها پڕۆفسۆر ئیڤان ساسچا شیهان مامۆستای پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی زانکۆی بالتیمۆر، نووسراوە باس لە دۆخی نێوخۆیی ئێران بەتایبەت پاش خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم دواییە و کوژران و بریندار بوونی هاووڵاتییانی سڤیل لە ئێران دەکات.

لە بەشێک لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، سەرکووتی ناڕازییان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ڕێژیمی تارانی خستۆتە جێگەیەکی مەترسیدار کە ئیدارەی ترامپ ناچار دەکات لە چوارچێوەی پشتیوانی لە مافەکانی مرۆڤ، پشتیوانی لە داخوازەکانی خەڵکی ڕاپەڕیو بکات؛ لە حاڵێکدا کە جۆرج بووش و بەراک ئۆباما پشتیوانییان لە ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی خەڵکی ئێران نەکرد، بەڵام دانڵد ترامپ لە هەوڵی ئەوەدایە کە هەنگاوێکی مێژوویی هەڵبگرێت.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ئەگەر ئەم خۆپیشاندانانە بۆ کۆماری ئیسلامی جێگەی نیگەرانی نین بۆچی ڕێژیم هەوڵ دەدات ئەم ناڕەزایەتییانە بشارێتەوە؟ ئەوەیکە ڕوونە خەڵکی ئێران خوازیاری ڕێفراندۆمی ئازاد، کۆتایی هێنان بە سیستمی ویلایەتی فەقیهی و جیایی دین لە دەوڵەتن کە ئەگەر بەردەوام بن لەسەر داواکارییەکانیان ئەگەری ڕووخانی رێژیم لە داهاتوویەکی نیزیکدا بە دوور نازانرێت.

دواتر باس لە هەندێک نموونەی مێژوویی دەکات و دەنووسێ: گەلۆ لە ساڵی ٢٠١٨دا شۆڕشێکی هەمەلایەنە لە ئێراندا ڕوو دەدات؟ لە وەڵامیشدا دەڵێت: بەپێی نموونە مێژووییەکان ڕەنگە ئەم ڕووداوەش ببینین؛ هەڵبەت ئەمە دەبەسترێتەوە بە بەردەوامی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران؛ ئەوەیکە ڕوونە هەموو دیکتاتۆرێک دەڕووخێ چوونکە پشتیوانی خەڵکی لەگەڵ نییە.