کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قاسملوو سەنگەری خەبات و شۆڕش بۆ چوار بەشی کوردستان

14:34 - 2 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: محیەدین شێخ ئالی سکرتێری پارتی وەحدەی کوردستانی ڕۆژئاوا ڕایگەیاند، خوێنی من لە خوێنی قاسملوو سوورتر نییە و داواکارم وەفادار بە خوێنی شەهیدان بمێننەوە.

سکرتێری پارتی وحدەی کوردستانی ڕۆژئاوا محیەدین شێخ ئاڵی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی ڕووداو، لە پێوەندی لەگەڵ هێرشی تورکیە بۆ سەر عەفرین ڕایگەیاند، کە خوێنی من لە خوێنی قاسملوو سوورتر نییە و داواکارم وەفادار بە خوێنی شەهیدان و کوردستان بمێننەوە و خەڵکی ئێمە ئاشتیخوازە.

شێخ ئالی باسی لەوە کردووە، کە ڕەوشی عەفرین زۆر نالەبارە و فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیە لە ڕێگای ئاسمانەوە ئەو شارە تۆپباران دەکەن، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ڕووسیە هێزەکانی کشاندووەتەوە و بێدەنگی هەڵبژاردووە.

هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا بە هۆی ئەوە ڕووی داوە، کە ئامریکا پشتیوانیی خۆی لە کوردەکانی ئەو بەشەی کوردستان دەربڕی و بوودجەی نیزامیشی بۆیان تەرخان کرد، ئەوەش تووڕەیی تورکیەی لێ کەوتەوە، کە نابێت ئامریکا پشتیوانی لە یەپەگە بکات کە سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانە (پەکەکە).

هەتا ئێستە شەڕ و تێکەڵچوون لە عەفرین بەردەوامە و چەندین کەس کوژرا و بریندار بوونە.