کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان چۆن ژیان بەسەر دەبات؟

14:44 - 2 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی کوردستانی ڕۆژهەڵات سەبارەت بە دواڕەوشی ژیان لە شارەکانی کوردستاندا، ڕاپۆرتێکی بۆ ماڵپەڕی کوردستان میدیا ناردووە کە ئەوپەڕی دۆشداماوی خەڵک و لاوازی باری گوزەران لەم بەشەی نیشتمان نیشان دەدات.

لە سەرەتای ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، دۆلار چووە ٤٦٥٠ تمەن! هیچم بۆ وتن نەماوە، جگە لەوەی بڵێم ژیانی کووڵەمەرگی درێژەی هەیە، کیلۆیەک گۆشتی سوور بە ٣٨٠٠٠ تمەن دەفرۆشرێت، ئەمەش لە حاڵێکدایە کە کرێکارێکی ڕۆژکار، بە ٥٠٠٠٠ تمەن کە گرانترین کرێیە و لە مانگدا تەنیا پانزە تا بیست ڕۆژ کاری هەیە، کار دەکات و کرێکاری دامەزراویش کە بەردەوام کار دەکات مانگانە ١٢٠٠٠٠٠تمەن پارە وەردەگرێت؛ هەلبەت ئەگەر پێی بدرێت!

ئەم دۆخە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەیکە بیمەی سڵامەت بۆ نەخۆشین، کە هەموو ئێرانییە بێ بیمەکان دەگرێتەوە، چەند مانگە لە هیچ نەخۆشخانەیەک کاری پێ ناکرێت و دەوڵەت هەڵیوەشاندووەتەوە، بەم پێیەش ئەگەر کەسێک بۆ ئانفوڵانزایێکی زۆر ئاسایی بچێتە لای دوکتور حەتمەن بە ٥٠ تا٦٠ هەزار تمەن نەجاتی نابێت.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، ساخت و ساز و ماڵ دروست کردن هەر زۆر کەم بووتەوە، لەحاڵێکدا کە ساخت و ساز کۆڵەکەیەکی گرینگی ئابوورییە لە ئێراندا؛ چونکە هەم وڵات ئاوەدان دەکاتەوە، هەم پێویستی بە مەساڵح و کرێکارە و دەبێتە هۆی ئەوەیکە بازاڕی کار ببوژێتەوە، بەڵام ئێستا ئەویش فەلەج بووە.

خەڵک بەڕێژەیەکی بەرچاو پووڵەکانیان لە بورس و ئەو دامەزراوانەی کە سودیان دەدا کشاندووەتەوە، بورسی تاران نیمچە فەلەجە و بانکەکان پەیتاپەیتا لقە ناکارامە و زیادەکانیان دادەخەن هەتا دەرکەوتەکانیان سەری داهاتەکەیان نەخوات.

ئەم دۆخە نالەبارە کاریگەری لەسەر خواردنی خەڵکیش داناوە و وەک ئەم هاووڵاتییە دەڵێت: ماڵی وەها هەیە چەندین مانگە گۆشتی سووری نەخواردووە، خەڵک بەناچاریی بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان ڕوویان کردووەتە بازاڕی قاچاغ فرۆشیە مەترسیدارەکان، بازاڕ لە هەڵاوسان و داتەپینەوە نیزیکە و تەنانەت توێژی دەوڵەمەندی کۆمەڵگەش لە دۆخەکە ناڕازین؛ دەوڵەمەندەکان گیرۆدەی دەستی ئەو چەکە بەرگەشتییانەن کە زیاتر لە ساڵێکە لایان ماوەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێ: لە کوردستاندا، هیچ تەکوزی و نەزمێک بەدی ناکەم، وەک ماڵی بێ سەرەوبەرە و فرەکەیخوای لێهاتووە، قەول و وادەی کاربەدەستان هیچی جێبەجێ نابێت و هەمووی بێ ئاکامە، تەنیا خاڵی بەهێزی ئەم ڕێژیمە دابین کردنی بەردەوامی ئاو و برق و گازەکەیەتی کە ئەویش بە نرخێکی گران بە خەڵکی دەدات کە خەڵک خۆیانی پێ دڵخۆش دەکەن.

بە گشتی و بێ زێدەبێژی پێم وایە دەرەنجامەکانی ئەم وەزعە شپڕێوە لە چەند مانگی داهاتوودا زیاتر دەردەکەون و خەڵکی برسی و دەوڵەتی دز زیاتر بەگژ یەکدا دەچنەوە؛ لام وایە ئەو شەڕە شەڕی یەکلاییکەرەوە دەبێت؛ من لەم نوسراوەدا تەنیا باسی ئەم مانگە و ئەمڕۆم کردووە دەنا تەرکی تەحسیلی منداڵانی هەژار و بەدخۆراکی و دەیان گرفتی دیکەش هەن کە هەر کام دەتوانێ بابەتی لێکۆڵینەوەیەکی ورد بێت.

لەکۆتاییدا ئەوەندە دەڵێم کە درێژەکێشانی ئەم وەزعە لە داهاتویەکی نیزیکدا ئیتر هەڵگری نافەرمانی مەدەنیش نابێت، بەڵکوو پێم وایە ڕووبەڕووبوونەوە و توندوتیژی لێدەکەوێتەوە.