کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووهەمین نەرمشی قارەمانانەی خامنەیی

15:01 - 2 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بە مەبەستی دەوردانەوەی ئابڵۆقە ئابوورییەکان و ناچار کردنی ئامریکا بە مانەوە لە بەرجام، ڕێبەری رێژیمی ئێران بڕیاری بە چوونەدەرەوەی سپا و ئەرتەش لە کەرتی ئابووری داوە.

رۆژی ١٢ی ژانویە، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، مۆڵەتێکی ١٢٠ ڕۆژەی بە ئورووپا داوە، هەتا ڕێکارێکی باشتر بۆ بەرەوڕوو بوونەوەی ئێران پێشنیار بکەن، بەڵام ڕێژیمی ئێران هەموو هەوڵی خۆی خستووەتە گەڕ کە ئامریکا ناچار بکات لە بەرجام نەکشێتەوە.

دانڵد ترامپ بڕیاری هەڵپساردنی گەمارۆکان بۆ سەر پرۆژەی ناوکیی ڕێژیمی ئێرانی بۆ ماوەی ١٢٠ ڕۆژ درێژ کردەوە، بەڵام بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە، کە لەسەر بڕیاری خۆی بە نیسبەت کشانەوە لە بەرجام سوورە و ئەمە دوایین هەلێکە کە بە هاوپەیمانانی ئورووپاییمان دەیدەین تا بیر لە ڕێکارێکی باشتر بکەنەوە.

پاش ڕێکەوتننامەی بەرجام، وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا؛ بانک و شێرکەت و دامەزراوەکانی سەر بە سپای پاسدارانی ئێرانی چ لە نێوخۆی ئێران چ لە وڵاتانی دەرەوە، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەستیان لە دەور دانەوەی ئابڵۆقە ئابوورییەکان و یارمەتی دانی پرۆژەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران هەبووە، لە نێو لیستەی گەمارۆکان خستووە.

عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، بڕیاری بە کشانەوەی سپا و ئەرتەش لە کەرتی ئابووری داوە، ئەم بڕیارە لە لایەکەوە نەرمشێکی قارەمانانەی دیکە لە بەرانبەر ئورووپا و ئامریکایە و لە لایەکی دیکەوە ڕێکارێک بۆ دەور دانەوەی گەمارۆکانی سەر سپا، بە گۆڕانکاری لە خاوەنداریەتی شێرکەت و دامەزراوەکانی سەر بە سپا و ئەرتەشە.

حەسەن ڕۆحانی نزیک بە یەک مانگ پاش هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، وتبووی: بڕیاری بەتایبەتی کردن بۆ ئەوە بوو، کە کەرتی ئابوورری بە خەڵک بسپیردرێت، بەڵام ئێمە چمان کردووە؟ بەشێک لە ئابووریی وڵات کە لە دەستی دەوڵەتێکی بێچەک بوو، داومانە دەستی دەوڵەتێکی چەکدار، ئەمە بەتایبەتی کردن نییە.