کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشارە جیهانییەکان بۆ سەر رێژیمی ئێران

15:30 - 2 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: جێگری سەرکۆماری ئامریکا، له ڕەوتی سەفەری بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕایگەیاندووە، که به هەموو شێوەیەک لە بەرامبەر کردەوە تێرۆرستییەکانی ڕێژیمی ئێران ڕادەوستین.

مایک پنس، جێگری سەرکۆماری ئامریکا، کە بۆ دیداری وڵاتانی مێسر، ئوردون و ئیسرائیل سەردانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کردووە، له بنکەیەکی سەربازیی ئامریکا له سنووری ئوردون و سووریە، باسی لەوە کردووە، که شەڕی داعش بەرەو تەواو بوونە و ئامریکا ناهێڵێت ڕێژیمی ئێران له شەڕی داعش بۆ دزەکردن له وڵاتانی دیکه و ئەنجامدانی کردەوە تێرۆریستییەکانی خۆی کەڵک وەربگرێت.

مایک پنس، ئاماژەی بەوە کردووە، که ڕێژیمی ئێران پێشڕەوی پاڵپشتی له تێرۆریزمە و حکوومەتێکی دیکتاتۆری له ناوچەکەیە و بە نیازە که به ئاژاوەنانەوە و کەڵکئاژۆ وەرگرتن له شەڕەکان، دەست بە سەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگرێت، بەڵام ئامریکا به هیچ شێوەیەک ئەو کردەوانه لە لایەن ڕێژیمی ئێران قەبووڵ ناکات و له ڕووبەڕوو بوونەوەی لەگەڵ ئەو ڕێژیمە پاشگەز نابێت.

جێگری سەرکۆماری ئامریکا، له درێژەی باسەکانیدا ئاماژەی به وتەکانی دانڵد ترامپ کردووە، که بۆ دەست هەڵگرتن له کردەوە نامرۆیییەکانی له ناوچەکه و زەربه دان لە ئامریکا و هاوپەیمانەکانی هۆشداری به ڕێژیمی ئێران داوە و باسی لەوە کردووە، که ترامپ بە ڕوونی به ئەو ڕێژیمە وتووە، که به هیچ شێوەیەک ناهێڵێت، ڕێژیمی تاران دەستی به چەکی ناوکی بگات.

هەروەها ڕێژیمی ئێرانی به پێشێل کردنی مافی مرۆڤ تاوانبار کردووە و بەرنامە مووشەکییەکانی ئەو ڕێژیمەی بە پێشێلکەری بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەت و مەترسی بۆ سەر ناوچەکه زانیوە و لەو پەیوەندییە ئامریکا گەمارۆی خستووەتە سەر بەرپرسانی ئێران و شێرکەتەکانی ئەو ڕێژیمە و ڕایگەیاندووە، ئەگەر ڕێککەوتننامەی ناوکیی دەسکاری نەکرێت، ئامریکا بەو ڕێککەوتننامەیە پێبەند نابێت.

لە پەیوەندی لەگەڵ کردەوە ئاژاوەگێرانەکانی ڕێژیمی ئێران، له ناوچەکە و سەفەری مایک پنس بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، شێخ ڕاشد بن عەبدوڵڵا، وەزیری دەرەوی بەحرین ڕایگەیاندووە، که له ساڵی ٢٠١٧ی زایینی، پێش به ١٩ عەمەڵیاتی تێرۆریستی لە وڵاتەکەی گیراوە، که هەمووی به پاڵپشتیی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان بووە.

باسیشی لەوە کردووە، که ڕێژیمی ئێران بۆ بە دەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی خۆی دیەوێت به عەمەڵیاتی تێرۆریستی له بەحرەین و وڵاتانی ناوچەکە ناسەقامگیری دروست بکات، هەروەها زیادی کردووە، که ڕێژیمی تاران هەموو ئەو کردەوانه له ڕێگەی سپای پاسدارانەوە جێبەجێ دەکات.

هەروەها عادل ئەلجوبەیر، وەزیری دەروەی عەرەبستانیش، دوای تەواوبوونی دانیشتنەکانی وەزیرانی دەرەوی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی، له پرێسکونفڕانسیک ڕایگەیاند که وڵاتانی ئەندام له ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی، سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێرانیان مەحکووم کردووە و بە پێویستی دەزانن که ئەو ڕێژیمە دەست له پاڵپشتی له تێرۆریزم و بەرنامە مووشەکییەکانی هەڵ بگرێت، کە کۆتلەگەرایی و دەستەبەندی له ڕۆژهەڵات نێوەڕاستی خولقاندووە.

وڵاتانی ناوچەکه و جیهان به بەردەوامی کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران مەحکووم دەکەن و هۆشداری بەو ڕێژیمە دەدەن، که دەست له ئاژاوەگێڕی و تێرۆر هەڵ بگرێت و کۆتایی به بەرنامە مووشەکییەکانی بیهێنێت.

لەو پەیوەندییەدا، وەزیری دەرەوی فەڕانسەش، ژان ئیو لودریان، لەم ڕۆژانەدا بۆ وتووێژ لەسەر ئەو باسانه بەتایبەت بەرنامە مووشەکییەکانی ئەو ڕێژیمە سەفەرێک بۆ ئێران دەکات؛ ئەمە لە حاڵێک دایە، که ڕێژیمی تاران ڕایگەیاندووە، که لەسەر بەرنامە مووشەکییەکان به هیچ شێوەیەک وتووێژ ناکات.

لە لایەکی دیکەشەوە دیپلۆمات کارەکانی یەکیەتیی ئوروپا، باسیان لەوە کردووە، که ئاڵمان، بریتانیا و فەڕانسه له هەوڵدان که گەمارۆی تازه بخەنە سەر ڕێژیمی ئێران و ئەوەش نیشان دەدات، که وڵاتانی ئورووپایی سەرەڕای پێبەندی به ڕێککەوتننامەکە، هەڕەشەکانی ئێران به جیدی دەزانن و لەگەڵ ئامریکا هاوڕان.