کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاویشتنی تەرمی ناڕازییان لە ڕووباری کاروون، منداڵانی تووشی ترس و خەمۆکی کردووە

19:01 - 2 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بۆ سەرکوتی سەرهەڵدانە ناڕەزاییەتییەکان، دەست بۆ هەموو جەنایەتێک دەبات.

پاش ئەوەی کە لە ڕۆژی ٧ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە شاری مەشهەد، خۆپیشاندانی ناڕازییانە بە بۆنەی گرانی و باری خراپی ژیانی خەڵک سەری هەڵدا و زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتەوە، ڕێژیمی ئێران بە توندترین و نامرۆڤانەترین شێوە بۆ دامرکاندنی ئەم بزاڤە گشتییە کەڵکی وەرگرت.

ئەم خۆپیشاندانانە بە هۆی ئەوەی کە ڕێڕەو و ئاراستەکەی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی دیکەی ئێران جیاوازی هەبووە و دروشمی ڕووخانی ڕێژیمی لەگەڵ بووە، بەرپرسانی ڕێژیمی تووشی دڵەڕاوکێ و ترسێکی زۆر کردووە و بۆ شاردنەوەی ئەو ترسەیان خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بە شێوەیەکی نامرۆڤانە سەرکوت دەکەن.

شارەکانی باشووری ئێران کە زۆربەی داهاتی ئێران لەو بەشەی لە وڵاتی ئێران دابین دەکرد و سەرەڕای ئەوەش بە هۆی سیاسەتی شونیزمانەی ئەو ڕێژیمە، خەڵکەکەی هەر لە هەژار و بێدەرەتانی ژیان بەسەر دەبەن، بۆیە ئەم نایەکسانییە ڕەگەزی و ئابوورییە بووە هۆی ئەوەی کە خەڵکی ئەهواز و شارەکانی دەروبەری دەنگی ناڕەزایەتییانەی خۆیان وە پاڵ دەنگی شارەکانی دیکەی ئێران بخەن و لە هەمبەر ڕێژیمی ئیسلامیدا دروشمی ڕووخان بڵێنەوە.

بەپێی قسەی شایەتحاڵان و ڕاپۆرتی ماڵپەڕە دەرەکییەکان، ڕێژیم لە شارەکانی ئەهواز و دەوروبەری، تەرمی دەسبەسەرکراوان لە ڕووباری کاروون دەهاوێت و ئەم کردەوە نامرۆڤانە، ترس و دڵەڕاوکێی لە دڵ منداڵانی ئەو دەڤەرە دروست کردووە و ناوێرن لە ڕووباری کاروون نزیک ببنەوە.