کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی نەتەوەیی ٢ی ڕێبەندان لە دانمارک بەڕێوە چوو

19:16 - 2 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٧٢هەمین ساڵی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی لە وڵاتی دانمارک ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، بە بۆنەی ٧٢هەمین ساڵی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دانمارک، جێژنێکی لە شاری ئاڵبۆرگ پێک هێنا، کە بە سەدان کەس لە کوردانی دانیشتووی دانمارک بەشدارییان کرد.

جێژنەکە به سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد، کە لە لایەن کۆڕی سروودەوە پێشکەش کرا و دواتر ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان ڕاگەیندرا .

پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران - دانمارک بەو بۆنەوە، لە لایەن سەلام سەدیقی ئەندامی کۆمیتەی گشتی و بەرپرسی کۆمیتەی باکووری دانمارک خوێندرایەوە، کە وێڕای ئاماژە بە ڕۆڵی پێشەنگایەتی و بەرزی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و پێشەوا مەزنەکەی قازی محەممەد لە پێکهێنان و ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، باسی کۆمەڵێک ئەزمون، دەسکەوت، نرخ و گەورەییەکانی کۆماری کوردستان و هەروەها باسی سەرۆکایەتی کردنی کۆمار لە لایەن ڕێبەری بلیمەت قازی محەممەد کرا، کە بە دیاریکراوی بایەخی پێ درابوو.

پەیامی پارتی سەربەستی کوردستان ـ کۆمیتەی دانمارک، لە لایەن سالار جوانڕۆیی خوێندرایەوە و بە گرنگی و بایەخەوە باسی کۆماری کوردستانی کرد.

پەیامی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران ـ کۆمیتەی دانمارک، لە لایەن شۆڕش خەبات خوێندرایەوە و لە پەیامەکەیاندا باس لە درەوشانەوەی کۆماری کوردستان لە مێژووی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد کرا.

کۆمیتەکانی لاوان و ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران- دانمارک، لە پەیامێکی هاوبەشدا کە لە لایەن نەشمیل ئیسماعیلیـیەوە خوێندرایەوە، باس لەو دەسکەوتانە کرا، کە لە کۆماری کوردستاندا بە دەست هێنرابوون و دامەزرانی هەرکام لەو دوو یەکیەتییانە وەک نموونەی دەسکەوت و بایەخەکانی کۆماری کوردستان دەستنیشان کرابوون.

هەروەها زانیار پاڵانی منداڵێکی تەمەن ٩ ساڵه سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیبی پێشکەش کرد.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکە، چەند برووسکەی پیرۆزباییش بە هەیئەتی بەڕیوەبەری جێژنی ٢ی ڕێبەندان گەیشت، کە بریتین لە:

ـ یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان
ـ پارتی دێموکراتی کوردستان
ـ ماڵی کورد لە ئاڵبۆرگ