کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەندان، کوردستان بە تەواوی میلیتاریزە کرا

14:10 - 3 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیم لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا، زۆربەی شەقام و مەیدانی سەرەکیی شارەکانی کوردستانی بە لیباس شەخسی و جلکاوخۆرەکانی خۆی تەنیبوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی ٢ی ڕێبەندان زۆربەی هەرە زۆری شارەکانی کوردستان بە هێزی سەرکوتکەر و لیباس شەخسی سەر بە سپای پاسداران و ئیتلاعاتی ڕێژیم تەنرابوو و کەشێکی تەواو پۆلیسی باڵی بەسەر شارەکاندا کێشابوو.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە شاری سەقز لەمبارەوە ڕایگەیاندووە: لە ٢ی ڕێبەنداندا نێو شاری سەقز بە تەواوی میلیتاریزە کرابوو، چەندین ماشینی هێزی بەناو ئینتیزامی لە شەقامی بەرگاراج جێگیر کرابوون، خیابانی بەرگاراج بۆ مەیدانی هەڵۆ و مەیدانی هەڵۆ هەتا مزگەوتی جامێعە و چوارڕێیانی ئازادی و مەیدانی دوخانیات بە هێزی لیباس شەخسی و سەرکوتکەر خرابووە ژێر چاودێری توندەوە.

بەوتەی هەواڵنێری کوردستان میدیا، زاڵ بوونی ئەم کەشە لە حاڵێکدا بوو کە خەڵک بە جلوبەرگی کوردییەوە کە زۆربەیان جامانەیان لە ملدا بوو، پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە نەتەوەییەیان لە یەکتر دەکرد و بە گاڵتەوە چاویان لە هێزی زۆر و ترسنۆکی ڕێژیم دەکرد کە لە دەوری مەیدانەکانی شاردا مۆڵ درابوون.

ئەم هەوڵە ترسنۆکانەی ڕێژیم لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، خەڵکی تێکۆشەری کوردستان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان، بێ گوێدان بە هەڕەشە و گوڕەشەکانی ڕێژیم و لە ڕێگەی جۆراوجۆری وەک چالاکیی تەبلیغی، پێشوازییان لە هاتنی ئەم جێژنە نەتەوەییە کردووە.