کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێترین چەواشەکاریی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران

14:34 - 3 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە یەکەمین دیمانەی تەلەفزیۆنی خۆی پاش ناڕەزایەتییەکانی چەند حەوتووی پێشوو، جگە لە چەواشەکاری و خۆدزینەوە لە ڕاستییەکان هیچی دیکەی پێ نەبوو.

حەسەن ڕۆحانی ئێوارەی دووشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە یەکەمین دیمانەی تەلەفزیۆنیدا، پاش ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران، وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێ، دەستی دایە چەواشەکاری و درۆ و دەلەسەکردن.

ڕۆحانی هەر وەکوو بەرپرسانی دیکە دەستی دایە ڕەنگ‌کردنی خەڵک و هۆکاری هەموو کێشەکانی خستە ئەستۆی ئەحمەدی‌نژاد.

ناوبراو وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت، پاش ئەو هەموو گرتن و کوشتنانەی خەڵکی وەزاڵەهاتوو، وتوویە: دەبێ فەزا کراوەتر بێت و خەڵک بە ئازادی قسەی خۆیان بکەن، هەروەها بە نیسبەت کێشەی ماڵبراوان وتوویە: پووڵی دەوڵەت پووڵی خەڵکە و با خەڵک بێن پارە بدەن، هەتا کێشەکانمان چارەسەر بکەین!

لە وڵامی ئەو پرسیارانەی کە لە پێوەندی لەگەڵ نەوتکێشی سانچی، بوومەلەرزەی کرماشان، بەرجام، قەیرانی ئابووری و کێشە و گرفتەکانی خەڵک لە لایەن پێشکەشکاری بەرنامەکەوە لێی دەکران، زۆر بە ئاسانی چەواشەکاری ڕاستیەکانی دەکرد و درۆی دەدا.

سەبارەت بە هەوڵەکانی حکوومەت، پاش تەقینەوەی نەوتکێشی سانچی، ناوبراو وتوویە: کە دەسبەجێ پاش ئەو ڕووداوە کۆمیتەیەکی پێک هێناوە و وەزیری کاری بۆ چین بەڕێ کردووە، ئەوە لە حاڵێکدایە نەوتکێشی سانچی رۆژی ١٦ی بەفرانبار ئاگری گرتووە، بەڵام وەزیری کار ڕۆژی ٢٣ی بەفرانبار بەرەو چین بەڕێ کەوتووە، هەروەها لە پێوەندی لەگەڵ بوومەلەرزەی کرماشان و کەمتەرخەمیی حکوومەت، ناوبراو هیچ وڵامێکی جگە لە مشتێک درۆ و دەلەسە پێ نەبوو.

خۆدزینەوە و چەواشەکارییەکانی حەسەن ڕۆحانی لە حاڵێکدان، کە ناوبراو وەکوو کەسایەتی یەکەمی حکوومەت، لە بەرانبەر هەموو کێشە و گرفتەکانی وڵات بەرپرسە، بەڵام وڵامەکانی ڕۆحانی بووەتە هۆی بێزاری و سەرسووڕمانی خەڵک و لە دنیای مەجازیدا ڕەخنەی زۆری بە دواوە بووە.