کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک بۆ یادی ۲ی ڕێبەندان لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو

21:36 - 3 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: سێمینارێک لە لایەن یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستان، ناوەندی باڵا، لەبارەی کۆماری کوردستان لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢ی ڕێبەندانی ۱۳۹٦ی هەتاوی، لە سەر بانگهێشتی (یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستان، ناوەندی باڵا) سێمینارێک بۆ ڕێزگرتن لە کۆماری کوردستان لەژێر دروشمی ئاستەنگەکانی پرسی سەربەخۆیی لە کۆماری کوردستانەوە تا ئێستا بەڕێوە چوو.

لەو سێمینارەدا هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی تەیموور مستەفایی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بەشدار بوو و باسێکی لە سەر هۆکارەکانی ڕووخانی کۆماری کوردستان پێشکەش کرد.

مستەفایی لە قسەکانیدا ،بە وردی تیشکی خستە سەر دۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئەو کاتی کوردستان و کۆسپ و لەمپەرەکان کە بوونە هۆی ڕووخانی کۆمار.

مستەفایی باسی لەوەش کرد کە بە تایبەت خۆ نەگرتنی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان، بێ دەنگیی زلهێزەکان، نەبوونی زەمینە و بەستێنی گونجاو، بەپێی ئەو تەرکیبە کۆمەلایەتییەی ئەو کات چەند هۆکاری دیکەی ڕووخانی کۆماری کوردستان بوون.

مەبەستی تەیموور مستەفایی لەو باسە ئەوە بوو کە بە قسەی بیرمەندێک کە دەڵێت:هێندە رەخنە لە خۆت بگرە تا دوژمن دەکەوێتە هەلەکەسەما. پێی وابوو جێگە و پێگەی کۆمار و پێشەوا و کار و خزمەتەکانی بە کەس کەم ناکرێتەوە، بەڵام ڕوانینی ڕەخنەگرانە خزمەت دەکا لە داهاتوودا هەنگاوی باشتر بنێین.

هەر لەو سێمینارەدا دوو کەسی دیکە بەناوەکانی کەماڵ کریمی وهەژار هەورامی مامۆستای زانکۆ هەر کامیان لە گۆشەنیگایەکەوە ڕوانین و نەزەراتی خۆیان خستەبەرباس.

هەر لەو بارەیەوە تاهیر مەحموودی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بارەی کۆماری کوردستان لێدوانێکی دا.

دواتر ئامادەبووان بە پرسیار و تێبینیەکانیان باسەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.

لەو سێمینارەدا ژمارەیەکی بەرچاو نوێنەری هێزو لایەنە سیاسییەکانی باشوور، ڕۆژهەڵات و مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆ بەشدار بوون.